شەش گەشتیار لە خنکان ڕزگار کران

لە نزیک ڕێژگەی کانی بڵ کە سەرچاوەیەکی ئاوی ڕووباری گوندی هەجیجە لە سنووری شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەش گەشتیار لە خنکان ڕزگار کران.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو شەش گەشتیارە بە بەلەمێکی ڕێگە پێ نەدراو چوونەتە نێو ڕووباری گوندی هەجیج، بەهۆی سەرکێشییەوە تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو بوون، بەڵام تیمەکانی مەلەوانی و فریاگوزاری بە هانایانەوە چوون لە خنکان ڕزگاریان کردوون.
هەر لە بارەی ڕووداوەکەوە، داواکاری گشتیی شاری پاوە لە ڕایگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەو گەشتیارانە لە شارۆچکەی سەوڵاوەی پارێزگای سنەی بە بەلەمێکەوە سەردانی گوندی هەجیجیان کردووە و ئێوارەی دوێنێ بەهۆی سەرکێشییەوە بەلەمەکەیان نقومبووە و نزیکبوون لە خنکان، بەڵام تیمەکان زوو فریایانکەوتوون.
هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، شەش گەشتیارەکە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕێنمایی و کەلوپەلە پێویستی وەک، بیمە، ئیلەگی هەوایی، مۆڵەتی بەلەمەوانی چوونەتە نێو ڕووباری هەجیج و لە ئاو ڕێژەی سەرچاوەی ڕووباری هەجیج نزیک بوونەتەوە، لە کاتێکدا تابلۆی هۆشداری نزیک نەکەوتنەوە لەو شوێنە دانراوە.
هەر لە ڕوونکردنەوەی داواکاری گشتیی پاوە هاتووە، دوای ئەم ڕووداوە، ئێستا بە ڕاکێشانی هێڵیکی سەلامەتی سنوورێک دیاری کراوە بۆ ئەوە، تاکوو بەلەمەکان لە پێناو پاراستنی گیانی سەرنشینەکانیان ئەو بەربەستە ئەمنییە نەبەزێنن و ڕووداوی دیکەی لەمشێوەیەش دووبارە نەبێتەوە.
هاوکات هۆشداریشیداوە، هەر بەلەمێک بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی، بخرێتە نێو ئاوی بەنداوی داریان لە سنووری گوندی هەجیج دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕێکاریی توندی یاسایی بەرانبەر بە خاوەنەکەشی دەگیرێتەبەر.