ئەمەریکا دەیەوێت بەبڕی 500 ملیۆن دۆلار دامەزراوەیەکی هاوکاریکردن بۆ غەززە دروست بکات

دوو سەرچاوەی باڵای ئەمەریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تاوتوێ دروستکردنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە هاوکاریی کردنی غەززە دەکات بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار.

ئەو دوو سەرچاوەیە باسیان لەوەشکرد؛ ئەمەریکا لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت زیاتر بچیتە قوڵای پرسی هاوکاریکردنی غەززە و خۆی سەرپەرشتی دابەشکردنیان بکات.

دەشڵێن؛ ئەو هاوکاریانەشی بۆ غەززە دابین دەکرێن، لەڕێگەی ئاژانسی پەرەپێدانی ئەمەریکییەوەیە کە ئێستا بووەتە بەشێک لە وەزارەتی دەرەوە.

ئاماژەیان بەوەش کرد، لەناوخۆی ئەمەریکا هەندیک کەسایەتی دژی ئەم پلانە وەستاونەتەوە، چونکە دابەشکردنی خواردن لەغەززە بە قورس دەزانن بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتووان و قوڵی قەیرانی مرۆییەوە، کە ڕەنگە ژیانی دابەشکەرەکان بکەوێتە مەترسییەوە.

 لەم دواییانەدا ئیسرائیل و ئەمەریکا دەزگایەکی هاوکاریی مرۆیی پەیوەست بە غەززەیان دیاری کرد، بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بگەیەنە هاووڵاتییانی مەدەنی کەرتەکە.

دابەشکردنی یارمەتییەکان لە ڕێگەی کۆمپانیای ئەمنیی پەیوەست بە ئیسرائیل و ئەمەریکاوە دەبێت کە بەشێکە لە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ پووچەڵکردنەوەی ڕۆڵی ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.