فەیسەڵ سدیق: گەشتیارێکی زۆر ڕووی لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتیاری سۆران ڕایگەیاند، بۆ ئەم جەژنی قوربانە ڕێژەیەکی بەرچاو گەشتیار ڕووی لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران کردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی حوزەیرانی 2025، فەیسەڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتیاری سۆران، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ڕۆژی یەکەمی جەژنی قوربان بڕوامان نەدەکرد ئەو ڕێژە گەشتیارە بێنە ئیدارەی سۆران، بەڵام خۆشبەختانە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە ئیدارەکە کردووە."
دەشڵێت: ئەمڕۆش کە دووەم ڕۆژی جەژنە خەڵکێکی زۆر بە لێشاو روویان کردووەتە ئیدارەی سۆران ئەوە بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشییە، ئەوەش بەهۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە بایەخێکی زۆر بە کەرتی گەشتوگوزار دەدات، وایکردووە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار ڕوو لە کوردستان بکەن.
ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە لەسەر بابەتی هەماهەنگی کردن لەسەر پاکوخاوێنی ناوچە گەشتیارەکان بەردەوامین، لەگەڵ تیمی هاتوچۆ و ژینگە و هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاک گفتوگۆمان کردووە، کە بایەخ بە بابەتی پاکوخاوێنی بدەن، هیچ دیاردەیەک نەبێت کە ئیدارەکە وا دەرکەوێت پاکوخاوێن نییە.
فەیسەڵ سدیق، ڕاشیگەیاند "ئێمە لیژنەی چاودێریشمان هەیە، چاودێری هەموو شوێنە گشتییەکان دەکەن، ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندی گەشتیاران، هەر حاڵەتێکی نەخوازراو ببینرێت، ئێمە ڕێکاری توند دەگرینەبەر لە بەرامبەریان."
سەبارەت ئامادەکارییەکانی پێشبینییەکانی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی پشووی جەژن، سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، بۆ ئەم جەژنەش پێشبینی دەکەین نزیکەی 300 هەزار گەشتیار سەردانی شارەکان و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم بکەن.