هەشت ساڵ بەسەر دەستنیشانکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم تێ دەپەڕێت

هەشت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیار درا 25ـی ئەیلوولی 2017، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، بەڕێوە بچێت.
لە 7ـی حوزەیرانی 2017 لە سەڵاحەددین، بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی هەرێمی ئەو كات، سەرۆكی حكوومەت، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، کۆبوونەوەیەک کرا و تێیدا بڕیاری دەستنیشانکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم درا، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجوومەنی باڵا پێک هێنرا.
ئەو لایەنانەی بەشداریی ئەنجوومەنە باڵاکە بوون بریتی بوون لە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان، حزبی شیوعی کوردستانی، حزبی سۆسیالیست و پێکهاتەکان.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، وەك ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاریی كرا و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پێكھاتەكانیشەوە ڕەزامەندییان لەسەر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم دەربڕی.
هەروەها لە 15/9/2017، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی پەسەند کرد. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کرد.
بڕیاری ڕیفراندۆم قۆناغێكی دیكەی گرنگی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو، بە تایبەت كە سەرجەم لایەنەكان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پرۆسەکە دووپات كردەوە و بەڵێنیان دا هەموو تواناكانیان بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم بخەنە گەڕ.
لە ڕۆژی 25ـی 9ـی 2017، ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە چوو، تێیدا 4 ملیۆن و 561 هەزار و 255 کەس لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان مافی دەنگدانیان هەبوو. لەو ژمارەیەش 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس بەشدارییان لەو ڕاپرسیەدا کرد، کە دەکاتە زیاتر لە 72%، لەوانەش 2 ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا کە دەکاتە زیاتر لە 92%ـی دەنگەکان.
بڕیاری بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم مافێکی یاسایی گهلی كوردستان بوو، بە تایبەت كە ههر له کاتی دروستبوونی دهوڵهتی عێراقەوە، خهباتی كردووه بۆ چهسپاندنی مافهكانی و پێكهوهژیانێكی ئاشتیيانه لهگهڵ گهلانی دیكەی عێراق؛ سهرهڕای ئهوهی له ئهنجامی خهباتی بزووتنهوهی ڕزگاریخوازیی گهلی كوردستان، چهندین بهڵێن و بهڵگهنامه لهلایهن دهسهڵاتدارانی عێراقهوه پێشكهش کراون. بهڵام له ئهنجامدا، ههموویان پێشێل كراون و پشتگوێ خراون و وهڵامی داواكارییهكانی گەلەکەمانیان بۆ گهیشتن به مافه ڕهواكانی، به ئاگر و ئاسن داوەتهوه.
گهلی كورد تووشی نههامهتی زۆر هاتوون وهك جینۆساید لهژێر ناوی ئهنفال و ڕاگواستن و نیشتهجێكردنی زۆرهملێ، خاپووركردنی گوند و ژێرخانی ئابووری و، بهكارهێنانی گازی ژههراوی قهدهغهكراو دژی خهڵكی سیڤیل. لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، سوپای عێراق هێرشی کردە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا جگە لە شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە و هاووڵاتی، ماڵ و خانووی بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد داگیر کران و سوتێنران. بەشێکی زۆریش لە خەڵکی ئەو ناوچانە ئاوارەی شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.