عوسمان بایدەمیر: پێویستە تورکیا هەنگاوی کردەیی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بنێت

عوسمان بایدەمیر سیاستمەداری کورد دەڵێت: پرۆسەی ئاشتی تەنیا بەلایەنێک ناکرێت و پێویستە حکوومەتی تورکیا هەنگاوی جددی بنێت و بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی چەکدانان لەلایەن پەکەکە.
شەممە، 7ـی حوزەیرانی 2025، عوسمان بایدەمیر، سیاستمەداری کوردی باکووری کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، ڕایگەیاند: ئامانجی ئێمە ئەوەیە بتوانین لە خاکی خۆماندا باوەش بەیەکتریدا بکەین و بتوانین بەخۆشی و بە ئازادی ژیان بەسەربەرین. لەگەڵ شڤان پەروەر پەیمانمان بەیەکتری دا، ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەر زێدی خۆمان کۆنسێرت ساز بکەین و گۆرانی کوردی بچڕین، هیوادارین ئەمە لەکاتێکی زۆر نزیکدا ڕوو بدات.
عوسمان بایدەمیر، گوتی: زیاتر لە 40 ساڵە لە باکووری کوردستان هاووڵاتی و خەڵکی بێتاوان دەکوژرێن، گوند و شارۆچکەکان خاپوور کران و تێک دران، شەڕ هەمیشە ماڵوێرانیی دروست کردووە و هیوادارن ئەم پرۆسەیە زۆربەباشی بچێتە پێشەوە، کورد لە ڕێگەی دیبلۆماسییەوە داوای مافەکانی بکات.
بایدەمیر گوتیشی: چەکدانان هەنگاوێکی مێژووییە و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوێکی گەورە، مانای ئەوە نییە تەواوی کێشەکانی کورد چارەسەر دەبن. ئێستە کاتی ئەوەیە حکوومەتی تورکیا هەنگاوی گرنگ دەربارەی پرۆسەی ئاشتی بنێت. وەک کوردێکی باکووری کوردستان دەڵێم: وەستانی حکوومەتی تورکیا لە بەرانبەر پڕۆسەی ئاشتی بەکارێکی باش نابینم.
عوسمان بایدەمیر، باس لەوەش دەکات، سەرباری ڕاگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بەڵام بەداخەوە کردەی سەربازی تاوەکوو ئێستە هەر بەردەوامە، هەزاران هاووڵاتی و سیاستمەداری ئێمە وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، لە زیندانن.
بایدەمیر دەشڵێت: ئێستە ئەرکەکە لە ئەستۆی حکوومەتی تورکیایە، پێویستە هەرچی زووە واز لە دوژمنداریی کورد بهێنێت، چونکە پرۆسەی ئاشتی تەنیا بە لایەنێک ناکرێت.
بایدەمیر، ئاماژە بەوە دەکات "گۆڕانی خێرا لە ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست ڕوو دەدەن، ڕەنگە مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە؛ پێویستە گەلی کورد هوشیار بێت و ڕێگە نەدات فێڵی لێ بکرێت، چونکە چۆن ئێمە بە باب و باپیرانمان دەڵێین بۆچی ئێوە فێڵتان لێ کرا؟ با جارێکی دیکە منداڵەکانمانی ئێمەش پێمان نەڵێن: ئێوە بۆچی فێڵتان لێ کرا؟"
عوسمان بایدەمیر، ڕایگەیاند: گەلانی تورک و عەرەب و فارس چۆن مافیان هەیە، پێویستە گەلی کوردیش هەمان مافی هەبێت، نەک کەمتر و زیاتر، بەڵام بەبێ شەڕ و کوشتن و لەناوبردن بەشێوەی ئاشتی. ئەمەش باش دەزانین ئەم پرۆسەیە کاتی زۆری پێویستە، بەڵام بە لایەنێکیش تەنیا ناکرێت، هەروەها ناشکرێت بە کورد بڵیی تو برای ئێمەی کەچی لە مافەکانی وەک خۆی مافەکانی پێ نەدرێت.
ئەو سیاستمەدارە کوردە دەڵێت: لە ناوەرکی ڕێککەوتنی نێوان عەبدوڵلا ئۆجەلان و حکوومەتی تورکیا ئاگادار نیم، ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە پرۆسەی چەکدانان بەسەلامەتیی تێپەڕێت بەبێ کوشتن و کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی. لە 15ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی تورکیا بەردەوام پەرلەمانتارانی کورد زیندانیی دەکات و لە شارەوانییەکان قەیوم دادەنێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی گرنگە و لە قازانجی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستانە.
بایدەمیر، جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە لایەنی سێیەم لەم پرۆسەیە بەشدار بێت، وەکوو، نەتەوەیەکگرتووەکان، فەرەنسا، ئەمەریکا، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوشەکە بکەن و ئاگادار بن. ئەوەی ئێمە ئاگادارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی و چەندین لایەنی دیکەش هاوکارن لە سەرکەوتنی پڕۆسەکە.
دەربارەی پەیام و نامەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، گوتی: کۆتا پەیام و نامەی عەبدوڵلا ئۆجەلان بە ڕەزامەندی و هەماهەنگیی لەگەڵ تورکیا نووسراوە و پێویستە حکوومەتی تورکیا بەگوێرەی نامەکەی ئۆجەلان هەنگاو بنێت، لەکۆتاییدا دەڵێم، کوردستان لە دڵی ملیۆنان کورددایە.