بەهجەت عەلی بۆ خەزعەلی: تۆ و هاوشێوەكانت بۆتان نییە قسە لەسەر چارەنووسی عێراق بکەن

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەقدا دەڵێت: لە نوێژی جەژنی قوربانیشدا نەتتوانی ژەهری ڕق و دوژمنایەیتی خۆت بەرانبەر كوردستان بشاریتەوە و دیسان قسەی ناڕەوات كرد. گوتیشی: خەزعەلی و هاوشێوەکانی بڕوایان بە فیدراڵییەت و دەستوور نییە و هەموو هەوڵێكیان لەپێناو ئەوەدایە دیكتاتۆرییەت و شۆڤینییەتی تایفی لە عێراقدا بەرپا بكەن.
شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، بەهجەت عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، وەڵامی قسەکانی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەقی دایەوە و گوتی: من نوێنەرێكی هەڵبژێردراوی كوردستانم، زۆر بە ڕوونی پێت دەڵێم تۆ، لەو پێگەیەدا نیت و مافی ئەوەت نییە قسە لەسەر خەڵكی كوردستان و تەنانەت قسە لەسەر چارەنووسی عێراقیش بكەیت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، خەزعەلی تەنانەت لە نوێژی جەژنیشدا، نەیتوانی ژەهری ڕق و دوژمنایەیتی خۆی بەرانبەر كوردستان بشارێتەوە و دیسان قسەی ناڕەوای كرد.
لە وەڵامی ئەو قسەیەی خەزعەلی کە گوتبووی، "کوردەکان بڕوایان بە یەکگرتوویی عێراق نییە" بەهجەت عەلی، ڕایگەیاند "دوای 2003 ئێوە لەسەر شانی كورد هاتنە سەر حوكم، كورد هەموو هەوڵی خۆی دا بۆ ئەوەی پێكەوەژیان هەبێت و عێراقێكی دیموكراتی و فیدراڵی، دابمەزرێت و مافی هاووڵاتیبوونی تێدا بچەسپێت، بەڵام ئەوە ئێوە بوون بڕواتان بە فیدراڵییەت و دەستوور و دیموكراتییەت نەبوو، هەموو هەوڵێكتان لەپێناو ئەوەدایە دیكتاتۆریەت و شۆڤینییەتی تایفی لە عێراقدا بەرپا بكەن."
هاوکات دەشڵێت: ئەوەی بڕوای بە عێراق نییە و لە خەمی عێراقدا نییە لە ڕاستیدا خەزعەلی و هاوشێوەكانێتی، ئەوان هیچ مانایەكیان بۆ سەروەریی عێراق نەهێشتووەتەوە و چارەنووسی عێراقیان بەستووەتەوە بە ئەجێندای تایفی و ئیقلیمی و دەرەكی و هیچ نرخێكیان بۆ عێراقیبوون نەهێشتووەتەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە، قەیس خەزعەلی هاوشێوەكانی مافی قسەكردنیان لەسەر چارەنووسی عێراق نییە. چونكە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، بڕوای بە هاووڵاتیبوون و دەنگی گەنجانی خێر لەخۆ نەدیوی عێراقی نییە.
گوتیشی: گەلی عێراق لەبیری نەچووە قەناسبەدەست و چەكدارانی ئێوە بوون، سەدان گەنجی بێتاوانی عێراقی، کە لەدەست زوڵمی ئێوە ڕاپەڕیبوون، خەڵتانی خوێن كرد و شەهید كرد.
لە درێژەی قسەکانیشیدا، بەهجەت عەلی، باسی لەوە کرد، ئێوە لەو پێگەیەدا نین كە قسە لەسەر چارەنووس و شێوەی دەوڵەت بكەن چونكە تاڵانچی و قاچاخچین؛ هەموو خەڵك باش دەزانن كە چیتان كردووە و چ بەڵایەكتان بەسەر باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا هێناوە.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بۆ ئەوەی ڕاستییەكان باشتر بۆ خەڵكی عێراق ڕوون ببێتەوە، پێشنیاز دەكەین لایەنێكی سەربەخۆ و بە وێژدان بێت و بەراوردێك بكات لەنێوان كارەكانی ئێوە و دەستكەوتەكانی كوردستان بۆ ئەوەی بسەلمێت كە كێ لەسەر هەقە، بۆ ئەوەی ڕوون بێێتەوە كە كێ نەوت و سامانی عێراقی تاڵان و هەڕاج كردووە و كێ ژیانی لە هاووڵاتیان تاڵ كردووە و كێ بڕوای بە عێراق نییە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان، بە پێویستی زانی ئاماژە بەوە بکات، قەیس خەزعەلی و هاوشێوەكانی كە دوژمنایەتیی گەلی كوردستان دەكەن و دەیانەوێت سۆزی ڕای گشتیی عەرەبی بە چەواشەكاری بە دەست بێنن، بۆیان نییە قسە بكەن! چونكە ئەوان نوێنەری خەڵك نین.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق و هاوشێوەکانی، دۆڕاوی هەڵبژاردن بوون و بەهۆی بارودۆخێكی تایبەت و پاشەكشەی براوەكانی هەڵبژاردن وەك (بدل الضائع) هاتنە سەر حوكم، پاشان بە شێوەیەكی ناڕەوا خۆیان بەسەر سەروەت و سامان و چارەنووسی خەڵكی عێراقدا سەپاند و وا خەیاڵیان كردووە دەتوانن بەم شێوەیە حوكمی كوردستانیش بكەن!
لە کۆتایی قسەکانیدا، بەهجەت عەلی، دەڵێت: خەزعەلی باش بزانە لە تۆ زۆر بەهێزتر و دیكتاتۆرتر دژی كوردستان خۆیان تاقی كردەوە، بەڵام هەموو جیهان دەزانێ چییان بەسەر هات و چارەنووسیان چی بوو.