ڕێکخراوی هاریکاریی لە غەززە: حەماس هەڕەشەمان لێ دەکات

ڕێکخراوی هاریکاریی غەززە ڕایگەیاند، حەماس هەڕەشە لە ڕێکخراوەکە دەکات و بەمەش ناتوانرێت هاوکاریی مرۆیی بەسەر ئەو کەسانەدا دابەش بکرێت کە پێویستیان پێیەتی.
ئەو ڕێکخراوە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێت لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "حەماس بوو بە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ سەدان هەزار کەسی برسی لە غەززە خۆراک وەرنەگرن."
ڕێکخراوەکە دەڵێت: بزووتنەوەی حەماس هەڕەشەی ڕاستەوخۆی لە دژی هەڵمەتی هاوکاریی ڕێکخراوەکە کردووە و ئەو هەڕەشانەش وایکردووە، دوو ڕۆژە نەتوانرێت بەردەوام بن لە دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر غەززیەکاندا.
ڕێکخراوی هاریکاریی غەززە، حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پرۆسەی دابەشکردنی یارمەتییەکان دەدات بە مەبەستی ئیستغلالکردنی دانیشتوانی غەززە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ حەماس هەوڵ دەدات بگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستەمە شکستخواردووەی کە پێشتر کۆنترۆڵی کردبوو، بە لادانی هاوکارییەکان و دەستکاریکردنی دابەشکردنەکانیان و پێشخستنی کارنامەی خۆی بەسەر پێداویستییە سەرەتاییەکانی گەلی فەڵەستین.
بەڵام ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و خۆی لەگەڵ ئەم هەڕەشانەدا دەگونجێنێت." ئاماژەی بەوەش کرد، بەبێ دواکەوتن، دەست بە دابەشکردنی یارمەتییە خۆراکییەکان دەکاتەوە. هەرچەندە پێش داخستنی هەزاران پارسێلی خۆراکیان دابەش کردووە.
ڕۆژی هەینی ڕێکخراوەکە بۆ ماوەیەکی کاتیی و نادیار ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراکی داخست و ڕایگەیاند "بەهۆی چەند کارێکەوە دابەشکردنی خۆراک لە ناوەندەکان بۆ ماوەیەکی کاتی دوا خراوە، هەرکاتێک کارەکان تەواو بوون، دەست دەکاتەوە بە دابەشکردنی هاوکارییەکان.
نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر ئیسرائیل گەمارۆکانی بۆ هاتنە ناوەوەی یارمەتییەکان بۆ غەززە کەم کردەوە. ڕێکخراوەکە دەستی بەسەر دابەشکردنەکەدا کرد و بەدەر لە دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستپێشخەرییەکانی تری فریاگوزاری.
ئەم ڕێکخراوە بە مەترسی خستنە سەر خەڵکی مەدەنی و پێشێلکردنی پێوەرەکانی بێلایەنی مرۆیی تۆمەتبار کراوە. بە گوتەی ئیسرائیل، سەرپەرشتیکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی ڕێگریکردنە لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ بزووتنەوەی حەماس.