بنەماڵەی بارمتەکانی ئیسرائیل داوای پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست دەکەن

بنەماڵەی بارمتەکانی ئیسرائیل لە غەززە داوا لە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، پێشنیازێکی نوێ بۆ گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیان لە کەرتی غەززە, بخاتەڕوو.

بەپێی ڕادیۆیی ئیسرائیل، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ بنەماڵەی بارمتەکانی ئیسرائیل، ئیتان هۆرن، باوکی یەکێک لە بارمتەکانی ئیسرائیل لە غەززە داوای لە ویتکۆف کرد، پێشنیازێک پێشکەش بکات بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ڕفێنراوەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تاکە ڕێگە بۆ گەڕاندنەوەیان ئەوەیە کە دوا هۆشداریی بدات بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و حەماس. هەروەها هۆرن, ناتانیاهۆی بەوە تۆمەتبار کرد کە ڕێگریی لە گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان دەکات. 

لە سەرەتای مانگی ئاداردا قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی هات. ڕێککەوتنەکە، بە نێوەندگیریی میسر و قەتەر و چاودێریی ئەمەریکا، لە 19ی 1ی 2025 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەردوولا پابەند بوو بە مەرجەکانی قۆناغی یەکەم، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا ناتانیاهۆ، لە پێناو بەرژەوەندیی توندڕەوانی هاوپەیمانیی حکوومەتەکەی  لە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە، کشاندەوە. 

ئۆپۆزسیۆن و بنەماڵەی بارمتەکانی ئیسرائیل جەخت لەوە دەکەنەوە، ناتانیاهۆ وەک ڕێزێک بۆ توندڕەوترین کوتلەی ڕاستڕەوی حکوومەتەکەی بەردەوامە لە شەڕەکە، ئەمەش لەپێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییە سیاسییە کەسییەکانی خۆی، بەتایبەت بەردەوامیی لە دەسەڵاتەکەی. 

پێشتریش لیواکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند "هێزەکانی سوپای ئیسرائیل گەمارۆی شوێنێکیان لە کەرتی غەززە داوە کە مەتان زەنگاوکەری، بارمتەی تێیدا دەستبەسەرە و هۆشداریشیان دا کە دوژمن ناتوانێت بە زیندوویی بیباتەوە".

 لە بەیاننامەیەکدا، ئەبو عوبێدە، گوتەبێژی سەربازیی لیواکانی قەسام هۆشداری دا لەوەی "ئەگەر ئەم دیلە لەکاتی هەوڵی ئازادکردنیدا بکوژرێت، سوپای داگیرکەر بەرپرسیار دەبێت لە مردنەکەی، دوای ئەوەی بۆ ماوەی ساڵێک و هەشت مانگ ئێمە گیانیمان پاراستووە."

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment