ژاپۆن.. تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا ڕووی دا

دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن ڕایانگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناوچەیەکی هەڵگرتنی تەقەمەنی لە بنکەی ئاسمانیی کادێنای سەر بە سوپای ئەمەریکا لە ئۆکیناوای باشووری ژاپۆن، چەند ئەندامێکی هێزەکانی بەرگریی خۆپارێزیی ژاپۆن بریندار بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن ڕایگەیاند، تەقینەوەیەک لە دامەزراوەیەکی هێزەکانی بەرگریی خۆپارێزیی ژاپۆن لەبنکەی ئاسمانیی کادێنا ڕووی داوە.
بەرپرسانی ژاپۆن لەوبارەوە بە ئاژانسی هەواڵی جیجی ژاپۆنیان گوتووە، لە ڕووداوەکەدا چوار کەس بریندار بوون، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
پەخشی گشتیی ژاپۆن بڵاوی کردووەتەوە، تەقینەوەکە لە شوێنێکی هەڵگرتنی بۆمبدا ڕووی داوە، بەڵام بەرپرسانی ژاپۆنی چۆنیەتی ڕووداوەکەیان ئاشکرا نەکردووە.
یوتا ماتسودا، بەرپرسێکی ناوخۆیی لە شاری یۆمیتان لە ئۆکیناوا دەڵێت: "ئێمە گوێمان لە تەقینەوەیەک بوو لە دامەزراوەیەکی هێزەکانی بەرگریی خۆپاراستن، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەمان لەبەردەستدا نییە."