پارێزگاری کالیفۆرنیا داوا لە ترەمپ دەکات جێگیرکردنی پاسەوانی نیشتمانی لە لۆس ئەنجلس هەڵبوەشێنێتەوە

گاوین نیوزۆم، پارێزگاری ویلایەتی کالیفۆرنیا داوای لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمەریکا کرد، ڕەوانەکردنی هێزەکانیان بۆ ناوچەی لۆس ئەنجلس هەڵبوەشێنێتەوە.
نیوزۆم دەڵێت: داوام لە ئیدارەی ترەمپ کردووە جێگیرکردنی نایاسایی هێزەکان بۆ ناوچەی لۆس ئەنجلس هەڵبوەشێنێتەوە و بە بڕیارێکی تایبەت بیانخاتە ژێر فەرماندەیی من.
جەختیشی لەوە کردەوە، تا ترەمپ دەستوەردانی نەکرد، هیچ کێشەیەکمان نەبووە و ئەمەش پێشێلکارییەکی ڕژدە بۆ سەروەری دەوڵەت.
دوێنێ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ 'پاسەوانی نیشتمانی' بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانی لۆس ئەنجلس نارد.
خۆپیشاندەرانی ئەمەریکایی لە ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەرانبەر هەڵمەتەکانی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی پەنابەران لە لۆس ئەنجلس و کالیفۆرنیا بەردەوامن و پۆلیسیش گازی فرمێسکڕێژ بۆ پەرت کردنیان، بەکار دەهێنێت.
کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا (کۆشکی سپی) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوو هەزار 'پاسەوانی نیشتیمانی' بۆ جڵەوکردنی خۆپیشاندانە نایاساییەکان، دەنێردرێنە کالیفۆرنیا.
دیموکراتەکان لە هەڵمەتی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی پەنابەران لە لۆس ئەنجلس و کالیفۆرنیا، پشتیوانیی سەرۆکی ئەمەریکا ناکەن، ئەمەش ئیدارەی ترەمپی تەواو نیگەران کردووە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ڕەخنەی لە بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە سەر بە دیموکراتەکانن، گرتووە و ئاماژەی بەوە کردووە، وەکوو پێویست کاریان بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان نەکردووە و بە "بەرپرسانی لاواز" ناوی بردوون.