قایمقامی سیده‌كان: بە ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی، 100 گوندی دەڤەرەکە ئاوەدان دەکرێنەوە

قایمقامی سیده‌كان ڕایدەگەیەنێت: بە ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی 100 گوندی دەڤەرەکە ئاوەدان دەکرێنەوە و هەردوو کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیاریش دەبووژێنەوە.

بە درێژایی 30 ساڵی ڕابردوو، بۆمباران، سووتانی گوند و ڕه‌ز و باخ و چۆڵكردنی گوندەکان‌، چیرۆكی ڕۆژانه‌ی ده‌ڤه‌ری برادۆست بوو. شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه) ‌و سوپای توركیا، ناوچه‌كه‌ی خستبووه‌ دۆخێكی نه‌خوازراو و مه‌ترسیدار. هەرچەندە هێشتا بە تەواوی هێرشەکان نەوەستاون، بەڵام ئەگەری ڕاگەیاندنی پرۆسه‌ی ئاشتی، ئومێدی ئاوه‌دانی و ئارامیی خستووەتە ‌دڵی دانیشتووانی دەڤەرەکە‌.

محەمەد بێواسی، دانیشتووی گوندێکی دەڤەری برادۆستە، بە تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "زۆر دڵخۆشین بە ئەگەری ڕاگەیاندنی پرۆسه‌ی ئاشتی لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه) ‌و سوپای توركیا. ئەگەر ئاگربەستەکە ڕابگەیەنرێت، ناوچەکەمان سەقامگیر دەبێت و ئاوەدان دەبێتەوە."

سنووری شارۆچكه‌ی سیده‌كان بەردەوام مەیدانی گه‌رمی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا بووە، ئه‌مه‌ش زیانی زۆری گیانی و ئابووریی به‌ دانیشتووانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ گه‌یاندووه‌.

ئیحسان چه‌له‌بی، قایمقامی سیده‌كان، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: ئەگەر پرۆسەی نوێی ئاشتی ڕابگەیەنرێت، زیاتر لە 100 گوندی سنووری سیدەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و هاوکات هەردوو کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیاریش بووژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن، چونکە لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا نەتوانراوە سوود لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم دەڤەرە وەربگیرێت."

شارۆچكه‌ی سیده‌كان سێگۆشه‌ی سنوری نێوان ئێران، توركیا و هه‌رێمی كوردستانە. 264 ‌گوند لە سنووری شارۆچکەکە هەن، به‌ڵام 188ـیان لەبەر شەڕی پەکەکە و تورکیا چۆڵ کراون، مه‌ترسیی چۆڵبوونیش له‌سه‌ر 20 گوندی دیكه‌ دروست بووە. 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment