ئیسماعیل بەقایی: پیتاندنی یۆرانیۆم بەشێکی دانەبڕاوە لە پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکە و بەشێکی دانەبڕاوە لە پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران.

دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا گوتی: بەداخەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی،  لەژێر فشاری هەرسێ وڵاتە ئەورووپاییەکە و ئەمەریکا، دەیەوێت ڕاپۆرتێک ئامادە بکات، تاوەکوو وڵاتانی ئەورووپا بۆ دەرکردنی بڕیارەکانیان بەکاری بهێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران کۆمەڵێک هەنگاو و ڕێوشوێنی ئامادە کردووە و لایەنەکانی دیکەش ئاگاداری هێز و تواناکانمانن، بە دڵنیاییەوە، بە گوێرەی هاوکاریی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، کۆمەڵێک هەنگاو و ڕێکاریی گونجاو وەردەگرین.

ئیسماعیل بەقایی گوتیشی: لە ڕێگەی سەڵتەنەتی عوممانەوە وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمەریکا دەدەینەوە واشنتنیش دەبێ ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە. دووپاتیشی کردەوە "پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکە و بەشێکی دانەبڕاوە لە پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران."

پێشتر، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئێران ڕەتی بکاتەوە هاوکاریی تەواوی ئەو دەزگایە بکات بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، ئەوە پێویستە هەنگاوی دیکە بگرینە بەر.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment