پارێزگای هەولێر: 89 هەزار و 301 گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە

پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت: ئاماری چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی ڕاگەیاند و ئاشکرای دەکات، لە چوار ڕۆژی جەژندا، 89 هەزار و 301 گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە، ئاماژە بەوەش دەکات، 15 قەساب دەستگیر کراون، سەرباری داخستنی27 شوێنی خۆراک و گۆشت فرۆشی.
دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025، پارێزگای هەولێر ئاماری چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لە لایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگاوە بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکە ئامادەکرا، بە سەرکەوتوویی جێبەجێکرا.
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کردووە، لە ڕۆژانی جەژنی قوربان89 هەزار و 301 گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەولێریان کردووە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێری کردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیش کە لەلایەن لیژنەکانی سەر بە قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر جێبەجێ کراوە، بە هۆی پابەند نەبوون و ڕەچاونەکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و کوشتنەوەی ئاژەڵ لە دەرەوەی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، 15 قەساب دەستگیر کراون، هاوکات 27 شوێنی خۆراک و گۆشت فرۆشی داخراون، 4 ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی ئاژەڵیش دەستیان بەسەرداگیراوە.
بەپێی ئاماری پارێزگای هەولێر، 42 تاوان لە چوار ڕۆژی جەژندا تۆمارکراون، 41 تاوان ئاشکراکراون، تاوانێکیش لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکرێت.
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێریش، پارێزگا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە ڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، 17 ڕووداوی هاتووچۆ لە چوار ڕۆژی جەژندا تۆمارکراون کە بەهۆیەوە 9 کەس بریندار و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێریش بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان 16 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەیان تۆمارکردووە کەجگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە.
سەبارەت بە ئاماری نەخۆشخانەکانیش، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاندووە، کۆى گشتیى سەرجەم ئەو نەخۆشانەى سەردانى نەخۆشخانەکانیان کردووە 6 هەزار 575 نەخۆش بوونە، لەو ژمارەیەش 305 حاڵەت و ڕووداوى جۆراو جۆر چارەسەریان بۆکراوە، سەرباری ئەوەش هەر لەو چوار ڕۆژەی جەژن، 71 منداڵ لەدایک بوون کە 40 کچ و 31 کوڕ بوون، 81 نەشتەرگەریىش ئەنجامدراوە، هەروەها 383 حاڵەتى شوشتنی گورچیلە لە نەخۆشخانەکان کراون.
پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانی 4 دووكانی گۆشت فرۆشتن لە گوندی گردە ڕەشە لەلایەن پۆلیسی شارەوانی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون، داخران، هاوکات
دەست بەسەر 22 سەر مەڕ و 2 ئۆتۆمبێلی پیكابدا گیران، سەرباری فڕێدانی 1124 تۆن پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی لەلایەن تیمەکانی ژینگەپارێزی، ئاشکراشی دەکات، 108 هەزار گەشتیار سەردانی پارك و باخچەكانی كردوە، 30 هەزار گەشتیار بە تەنها سەردانی پاركی سامی عەبدولڕەحمانی كردووە.
پارێزگای هەولێر ئاماژە بە ئاماری کوشتارگەی هەولێر دەکات و ڕایدەگەیەنێت: لەچوار ڕۆژی جەژندا هەزار و 461 سەر ئاژەڵ کراونەتە قوربانی کە 270 یان ئاژەڵى گەورە و هەزار و 191 شیان ئاژەڵى بچووک بوونە.