ترەمپ: ئێران بەشداریی دانوستانەکانی غەززە دەکات

دوو بەرپرسی ئەمەریکا و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و تەواوی تیمی سیاسەتی دەرەوەی لە کامپ دەیڤد، بۆ چەند کاتژمێرێک کۆبوونەوە و ستراتیجیی ئەمەریکایان سەبارەت بە قەیرانی ئەتۆمیی ئێران و شەڕی غەززە، تاوتوێ کرد.
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە "سەرۆک ترەمپ، هەردوو قەیرانەکە (پرسی ئەتۆمیی ئێران و شەڕی غەززە) بە یەکەوە دەزانێت و هەوڵی داڕشتنی دەدات.
بەرپرسێکی ئەمەریکی و یەکێک لە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاند "هەوڵەکان بۆ ڕازیکردنی حەماس بۆ نەرمکردنی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پێشنیازی ئەمەریکا بۆ ڕێککەوتن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەندێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بەهۆی فشارەکانی ناوبژیوانانی قەتەر."
بەرپرسێکی ئەمەریکی لە زاری ئەکسیۆسەوە بڵاوی کردەوە "ئێمە چاوەڕوانی پێشکەوتن لەم هەفتەیەدا ناکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێشکەوتن هەیە و لە ڕێککەوتنەوە نزیکتر بووین."
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ترەمپ ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ئێران بەشداری لە دانوستانەکاندا دەکات، ئامانج لێی ڕێکخستنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماسە لە غەززە لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن بزووتنەوەکەوە لە ناو کەرتی غەززەدا، دەست بەسەرن.
ترەمپ گوتیشی: ئێستا غەززە لە ناوەڕاستی دانوستانێکی گەورەی نێوان ئێمە و حەماس و ئیسرائیلدایە و ئێرانیش لە ئێستاوە بەشدارە و بزانین ئێران چیمان بۆ دەکات لە غەززە، ئێمە دەمانەوێت بارمتەکان بگەڕێنەوە.
ڕۆژنامەی هارەتزی ئیسرائیلی، ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بزووتنەوەی حەماس وەڵامی ئەو پێشنیازە بداتەوە کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمەریکاوە پێشکەش کراوە، ئەمەش بەهۆی ناوبژیوانیی قەتەر کە باوەڕیان بەوە هەیە فشار خستنە سەر بزووتنەوەکە دەتوانێت ببێتە هۆی پێشکەوتن لە وەستاندنی شەڕی غەززە.
بە گوتەی هارێتز، ئەگەر حەماس وەڵامی ئەرێیی بداتەوە، ویتکۆف لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگاتە ناوچەکە و ئاماژە بەوە دەکات، هەموو پەیوەندییەکان بەبێ تێپەڕین بە ئیسرائیلدا بەڕێوە دەچن.
هارتز ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی قەتەر گەشبینی خۆیان دەربڕی کە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو دەبێت و دەتوانرێت پێشکەوتن لە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بەدەست بهێنرێت.