حووسییەکان: ئیسرائیل دەستی بە هێرشکردنە سەر حودەیدە کردەوە

کەناڵی ئەلمەسیرە سەر بە حووسییەکانی یەمەن، ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شاری حودەیدە دەست پێ کردەوە.
ئەم ڕاپۆرتە، دوابەدوای لێدوانێکی ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سەربازیی ئیسرائیل دێت، کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، داوای چۆڵکردنی بەندەرەکانی ڕەئس عیسا، حودەیدە و سەلیفی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان لە یەمەن، کرد.
پێشتر، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژێرخانی بەندەری حودەیدە، کە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی حووسییەکانی دەزانی، بەو پێیەی حودەیدە بۆ گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازی و پێداویستییە سەربازییەکانی دیکەی لە ئێرانەوە هاتوو، بەکار دەهێنرێت.
سەرەڕای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن، گرووپی حووسییەکان بەردەوامن لە هەڵدانی موشەک بەرەو ئیسرائیل و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجیان "پشتیوانییە لە گەلی فەلەستین لە غەززە".
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023، حووسییەکان بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، بەڵام زۆربەیان ڕێگرییان لێ کراوە یان نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان.