مەسرور بارزانی: هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت ببێتە دەروازەی وەبەرهێنان بۆ ته‌واوی عێراق

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت ببێتە دەروازەیەکی کراوەی وەبەرهێنان بۆ ته‌واوی عێراق؛ ده‌شڵێت، پلانه‌كانیان به ئامانجی فره‌چه‌شنكردنی ئابووری و ده‌سته‌به‌ری فره‌سه‌رچاوه‌یییه.
سێشه‌ممه، 10ـی حوزه‌یرانی 2025، تۆڕی هه‌واڵی "CNN"، لە ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆییدا تیشکی خستە سەر دۆخی ناوازەی وەبەرهێنانی هەولێر و بە "گرەوێكی سەلامەت" ناوزه‌دی کرد لە ژێر ڕۆشنایی باشترکردنی یاساکانی وەبەرهێنان و پرۆژە نوێیه‌كانی ژێرخان له عێراق.
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له ڕاپۆرته‌كه‌ی "CNN"ـدا سه‌باره‌ت به تایبەتمەندییه‌كانی هەرێمی كوردستان لەناو عێراقدا گوتی: "ئێمە لە ڕووی ئەمنی و ژێرخانەوە بارودۆخێکی باشترمان هه‌یه، زوو دەستمان بە گەشەپێدان کرد بە بەراورد لەگەڵ ته‌واوی عێراق و بە پلەی یەکەم سەرنجمان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە".
مه‌سرور بارزانی له به‌شێكی دیكه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌یدا گوتوویه‌تی: "پابەندبوونمان بە جێبه‌جێكردنی کارەکان بە دروستی، کوردستانی كردووه‌ته خاوه‌ن پێگەیەکی ده‌گمه‌ن و بووه‌ته دەروازەیەک بۆ ته‌واوی عێراق، هەر کەسێک وەبەرهێنان لە کوردستان بکات دەرفەتی ئەوەشی هەیە سەیری تەواوی عێراق بکات."
مەسرور بارزانی هه‌روه‌ها ستراتیجێکی گشتگیری بۆ گۆڕانکاریی ئابووریی ئاشکرا كرد و جه‌ختی كرده‌وه، ئامانجی پلانەکەیان بریتییه له هەمەچەشنکردنی ئابووری و دەستەبەرکردنی چەندین سەرچاوەی داهات بەبێ ئەوەی تەنیا پشت بە نەوت ببەستن.
مەسرور بارزانی سەبارەت بە وەبەرهێنانی بیانی، جەختی لەسەر پێویستی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر کردەوە و گوتی: "بەداخەوە، ئێستا ئێمە وەبەرهێنانی زۆری بیانیمان لە کوردستان نییە، هەر لەبەر ئەوەشە یاسای وەبەرهێنان دەگۆڕین، بۆ ئەوەی سەرنجی وەبەرهێنەری زیاتری بیانیی ڕابکێشین."
سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی له ڕاپۆرته‌كه‌ی تۆڕی هه‌واڵی "CNN"، باسی له گرێبه‌سته‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان كرد به بڕی 110 ملیار.