حەمدی شنگالی: ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی بەرانبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان دەیکات، زوڵمە

جێگری سەرۆكی كۆمپانیای سۆمۆ ئاماژە بەوە دەکات، گرێبەستەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە.
حەمدی شنگالی، جێگری سەرۆكی كۆمپانیای سۆمۆ، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند "خەڵكی هەرێمی كوردستان بەناحەق برسی كراوە، ئەوەی بەرانبەر ئێمە دەكرێت، زوڵمە."
لەبارەی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا، ئاماژەی بەوە دا، پێویستە بەشێوەیەکی واقعی سەیری بابەتەکە بکەین، بە عاتفی بڕیار نەدرێت، چونکە گرێبەستەكان یەكەمجار لەبەرژەوەندیی عێراقە دواتر خەڵکی هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی عێراق كارەبا لە دەرەوە دەكڕێت و کێشەی کەمیی کارەبای هەیە، بەڵام لەمەبەدوا دەتوانێت سووتەمەنی پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، لە ناوخۆ بەدەست بکەوێت.
هەر دوێنێ سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە، وەڵامی کوردستان24ـی لەبارەی بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە، دایەوە و گوتی: ئێمە ئاگاداری مووچەبڕینی خەڵکی کوردستانین لە لایەن بەغداوە، داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەین کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە، بە گوێرەی ئەرکە دەستوورییەکان، چارە بکەن.
تامی بروس، ئاماژەی بەوەش کرد، چارەکردنی کێشەی مووچە ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق ژینگەیەک دروست دەکات کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان بیانەوێت وەبەرهێنانی تێدا بکەن.