باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ئامادەکاری بۆ چۆڵكردن دەکات

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئامادەکاری بۆ چۆڵکردن دەکات. هاوکات سەرچاوەیەکیش لەنێو باڵیۆزخانەکە ئەم هەواڵەی بۆ کوردستان24 پشتڕاست کردەوە.
چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە عێراقی و ئەمەریکییەکان، بڵاوی کردەوە، بەهۆی زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئامادەکاری بۆ چۆڵکردن دەکات.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لەنێو باڵیۆزخانەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: باڵیۆزخانەکە لە ترسی هێرشە سەربازییەکان ئەو ئامادەکارییە دەکات، هەروەها کارمەندانیشی بە دوو قۆناغ کەم دەکاتەوە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، لە ئەمڕۆوە ئامادەکاری بۆ چۆڵکردنەکە دەکرێت.
لای خۆیەوە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: مەترسی جیدیی لەسەر باڵیۆزخانەکە هەبووە، ئەمەریکا چەندین جار هۆشداریی بە گرووپە چەکدارەکان دابوو، ئەگەر هێرش بکەنە سەر باڵیۆزخانەکە ئەوا کاردانەوەی سەربازییان دەبێت.
هەروەها سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: بە فەرمی لەبارەی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئاگادار نەکراوینەتەوە و هیچ زانیارییەکیشمان پێ نەدراوە.
ئامادەکارییەکان بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکە لە کاتێکدایە، مەترسی شکستهێنانی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمەریکا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی هەیە.
پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، رێگە بە ڕۆیشتنی خۆبەخشانەی ئەو سەربازانە دەدەن، کە لە بنکە و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کراون.
پێشتر وەزیری بەرگریی ئێران هەڕەشەی کردنە ئامانجی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای لە ناوچەکە کرد، ئەگەر بێت و ئەمەریکا هێرشیان بکاتە سەر.