تەندروستیی عێراق: ئەمساڵ لە وڵاتەکەدا 19 کەس بە تای خوێنبەربوون مردوون

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا، 19 حاڵەتی مردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمار کراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرا کرد، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تا ئێستا لە وڵاتەکەدا، 123 حاڵەتی پشتڕاستکراوی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، لە نێویاندا 19 کەس گیانی سپاردووە، کە پێنج کەسیان خەڵکی بەغدای پایتەخت بوون.

ئەمساڵ لە عێراق زۆرینەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە تای خوێنەبەربوون، لە پارێزگای زیقار تۆمار کراون، کە ناوچەیەکی هەژارنشینە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی بە کاری ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.

گوتەبێژی وەزارەتەکە، داوای لە لایەنە ئەمنییەکان کرد، کە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ سنووردارکردنی سەربەڕینی ئاژەڵان لە شوێنە گشتییەکان و هەروەها ڕێگریکردن لە بازرگانیپێکردنیان بە نایاسایی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی کە لەسەر گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ هەیە.

هاوکات سەیف بەدر، ڕێنمایی چۆنیەتی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە بۆ هاووڵاتییان دەخاتەڕوو و دەڵێت: کاتێک گۆشتی سوور دەهێنرێتە ماڵەوە، وا باشترە بخرێتە ناو بەفرگر تا دەیبەستێت، یانیش گۆشت لەکاتی لێنانی بە باشی بکوڵێندرێت، چونکە ئەو دوو ڕێگەیە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون.

هیچ ڤاکسینێک بۆ ڕێگریکردن لەم نەخۆشییە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ نییە، هەروەها نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکە بریتین لە؛ تا، ئازاری ماسولکەکان و ئازاری سک. بەڵام کاتێک ڤایرۆسەکە لەناو جەستەی مرۆڤ گەشە دەکات دەبێتە هۆکاری خوێنبەربوون لە چاو، گوێ و لووت، زۆر جاریش دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە و تەنانەت مردنیش.

بە پێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2022، لە سەرەتای مانگی 1 تا کۆتایی مانگی 5، لە عێراق لانیکەم 212 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکە تۆمار کران، لەو ژمارەیەش 25ـیان گیانیان سپاردووە.

بەرپرسێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: هۆکاری زیادبوونی حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنەربوون لە عێراق، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی 2020 و 2021، بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە هەڵمەتی دەرمان ڕشاندنی شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵان ئەنجام نەدراوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی گەنە و گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ.

 
Fly Erbil Advertisment