ئانۆ جەوهەر، جەخت لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگیی دامەزراوەی کۆنکۆردیا و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە لوتکەی کۆنکۆردیا – ئەورووپا 2025 لە لەندەن کرد، لە پەراوێزی لوتکەکەدا ژمارەیەک دیاری لەگەڵ چەندین بەرپرس و سەرکردەی ئەورووپا هەبوو، هەروەها ئانۆ جەوهەر جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگیی و هاوکاری نێوان دامەزراوەی کۆنکۆردیا و هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی، بەشداریی لە لوتکەی دامەزراوەی کۆنکۆردیا- ئەورووپا 2025، کرد، لوتکەکە لە ڕۆژانی 8 تا 10 حوزەیران لە لەندەن بەڕێوە چوو.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی لوتکەی دامەزراوەی کۆنکۆردیا، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ چەندین بەرپرس و سەرکردەی ئەورووپا هەبوو.
ئانۆ جەوهەر، لە میانەی دیداری لەگەڵ ماتیۆ سویفت، هاودامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی کۆنکۆردیا، خۆشحاڵی خۆی بەشداریکردن لە لوتکەکە دەربڕی و جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان دامەزراوەی کۆنکۆردیا و هەرێمی کوردستان کردەوە.
هەر لە دیدارەکەدا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە کۆمەڵێک دەستکەوتی ستراتیجی کرد کە حکوومەتی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوو بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە دەستی هێناوە، دیارترینیشیان ئەمانەن:
- بە دیجیتاڵیکردنی سەرجەم کەرتە جیاوزەکان.
- پێشکەوتنی بەرچاو لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبادا.
- چاکسازی گەورە و مۆدێرن لە کەرتی بانکی.
- واژۆکردنی دوو گرێبەستی مێژووی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بە بەهای 110 ملیار دۆلار.
ئانۆ جەوهەر، جەختی لەوە کردەوە، ئەم دەستکەوتانە ڕەنگدانەوەی دیدگای ستراتیجی هەرێمی کوردستانە بۆ گەشەپێدان و داهێنان و هاوکاری نێودەوڵەتی، هەروەها پێگەی خۆی وەک ناوەندێکی ناوچەیی بۆ سەقامگیری و پێشکەوتن و پەیوەندی ئابووری و تەکنەلۆجی بەهێزتر دەکات.
هەروەها وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتنامەی فەرمی پێشکەش بە چەندین بەرپرس و سەرکردەی ئەورووپا کرد، بۆ ئەوەی بەشداریی بکەن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی، کە ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
ئانۆ جەوهەر، گوتی: ئەم دیدارانە دەرفەتێکیان ڕەخساند بۆ ئەوەی دووپات بکەینەوە کە گەشەپێدان، دیموکراسی، پێکەوەژیان، ئاشتی و فرەیی، وەک پایەی سەرەکی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، کە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام جەختی لەسەر کردووەتەوە.