ڕزگاربوویێكی فڕۆكه‌ تێكشكاوه‌كه‌ی هیندستان ڕووداوه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانی فڕۆكه‌ تێكشكاوه‌كه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌حمه‌دئابادی هیندستان گیانیان سپاردووه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌ سه‌رنشینه‌كان ڕزگاری بووه‌ و چیرۆكی ڕووداوه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌. 

فیشواش كۆمار ڕامیش، ئه‌و سه‌رنشینه‌ هیندییه‌ ته‌مه‌ن 40 ساڵه‌یه‌، كه له‌‌ ڕووداوی تێكشكانی فڕۆکەیەکی شارستانی ئێر ئیندیا لە جۆری بۆینگ 787، ڕزگاری بووه‌ و باس له‌ چركه‌ساته‌كانی سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كه‌ و ڕزگاربوونی ده‌كات و له‌م باره‌وه‌ گوتوویه‌تی، له‌ كورسی ژماره‌ 11Aـی فڕۆكه‌كه‌ دانیشتبوو، ته‌نیا 30 چركه‌ به‌سه‌ر فڕینه‌كه‌یدا تێپه‌ڕی، كاتێك ده‌نگێكی گه‌وره‌ی بیستووه‌ و پاشان خۆی له‌ناو كۆمه‌ڵێك ته‌رم بینیوه‌ته‌وه‌.

فیشواش كۆمار ڕامیش باسی له‌وه‌ كردووه‌، له‌گه‌ڵ هاوژین و منداڵه‌كه‌ی بووه‌ و دوای گه‌شتی هیند، ویستوویانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌نده‌ن، به‌ڵام تووشی ئه‌و ڕووداوه‌ ترسناكه‌ بوونه‌ته‌وه‌. 

ڕامیش ده‌ڵێت، ڕووداوه‌كه‌ زۆر خێرا بوو، فریای هیچ شتێك نه‌كه‌وتووه‌، كاتێك به‌ هۆش خۆی هاتووه‌ته‌وه‌، ده‌وروبه‌ری هه‌مووی ته‌رم بووه‌ و زۆر ترساوه‌، هه‌ر چۆنێك بێت هه‌وڵی داوه‌ خۆی له‌و شوێنه‌ ده‌رباز بكات كه‌ به‌ دووكه‌ڵ و ئاگر ده‌ور درابوو، دواتر كه‌سێك ده‌ستی گرتووه‌ و بردوویه‌تییه‌ ناو ئه‌مبۆڵانس.

ڕامیش ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، سنگ و چاو و قاچه‌كانی بریندارن، به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێت توانیویه‌تی خۆی له‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ ڕزگار بكات. 

پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکەیەکی شارستانی ئێر ئیندیا لەجۆری بۆینگ 787، لە فڕۆکەخانەی ئەحمەدئابادی هیندستانەوە، بە 292 سەرنشینەوە بەرەو لەندەنی پایتەختی بەریتانیا فڕی، هێندە لە فڕۆکەخانەکە دوور نەکەوتەوە،  کەوتە خوارەوە و تێک شکا، دووکەڵی تێکشکانی فڕۆکەکەش بە ئاسمانی شارەکە بەرز بووەوە.

ناتاراجان چانراسیکاران، سەرۆکی کۆمپانیای ئێر ئیندیا، لە بەیاننامەیەکدا گوتی: بە داخەوە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکمان لە فڕۆکەخانەی ئەحمەدئاباد کە بەرە و لەندەن دەچوو، ڕادەگەیەنم، ئەوەش ڕووداوێکی زۆر خەمناکە.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، پۆلیسی هیندستان ڕایگه‌یاند، بەهۆی ڕووداوەکەوە، بە سەرنشینانی فڕۆکەکە و ئەو کەسانەی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بوونەتە قوربانی، زیاتر لە 290 کەس گیانیان لە دەست داوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment