جوانکاری و عەدەسە گرفت بۆ پڕ کردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک دروست دەکات
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر باسی گرفتەکان دەکات

بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێت: پێویستە لە کاتی نوێ کردنەوە و پڕ کردنەوەی زانیارییەکانی فۆرمی ئەلیکترۆنی پسوولەی خۆراک، باشتروایە هاووڵاتیان لە کاتی وێنەگرتن بە کامێرای موبایل، عەدەسەیان لەچاو نەبێت. ڕاشیگەیاند، بە گوێرە تۆمارەکان 600 هەزار کەس فۆڕمیان پڕ کردووەتەوە.
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە هەولێر پڕ کردنەوەی پسوولەی خۆراک بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت، تاوەکوو 10ی ئەم مانگە 399 هەزار و 523 کەس بەشێوەی ئەلیکترۆنی فۆڕمی خۆراکیان نوێ کردووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆکە کۆی پڕ کردنەوەی فۆرمەکان گەیشتووەتە 600 هەزار کەس.
دەربارەی ئەو گرفتانەی دێنە بەردەم هاووڵاتیان لە کاتی پڕ کردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هاووڵاتیانەی جوانکاریان کردووە و لە 50%ـی ڕووخساریان زیاتر گۆڕانی بەسەردا هاتووە، گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر کەمتر بوو لەو ڕێژەیە پێویستە ماکیاژ لە ڕووخساریان بکەنەوە و دواتر لەبەردەم کامێرای موبایلەکەیان بوەستن بۆ وێنەگرتن و پڕکردنەوەی زانیارییەکان.
سیامەند قادر باسی لەوەشکرد، پێویستە لە کاتی پڕ کردنەوەدا لە بەرانبەر کامێرای موبایل، عەدەسە لە چاو نەکرێت و ئەگەر لە وێنەی کارتی نیشتمانی گۆڕانکاریی زۆر، وەک بوونی ڕیش هەبێت، پێویستە چاک بکرێت، یاخود وێنەی منداڵی لە سەر کارتی نیشتمانی بێت، گرفت دروست دەکات، هەروەها بەسەرچوونی ماوەی کارتی نیشتمانی یەکێکی دیکەیە لەو گرفتانەی بۆ هاووڵاتیان دروست دەبێت.
پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ئەپڵیکەیشنی خۆراک لە هەولێر بەفەرمی کاراکرا و لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاریی ئارد و خۆراک هەن، کۆی گشتی پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 297. بریکاریی ئارد و خۆراک هەن.
پێشتر لە 8ـی ئایاری 2025، پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی لە هەڵەبجە کارا کرا.