ترەمپ: ئەگەری ڕوودانی ململانێیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ئەگەری زۆرە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام بەم نزیکانە نا. جەختی لەوە کردەوە، کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت.

پێنجشەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، کە دەیەوێت لە ململانێ لەگەڵ ئێران دوور کەوێتەوە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئێران دەبێت سازش بکات.

ترەمپ هیوادارە ئیسرائیل ڕەفتارێک نەکات، کە ببێتە هۆی تێکدانی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نزیکە.

سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لەوە کرد، "دەمەوێت ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەم، بە دڵنیاییەوە لەو ڕێککەوتنەش نزیکین، من هەمیشە ڕێگەی دۆستانەم پێ باشترە لە بژاردەی سەربازی." هەروەها ڕایگەیاند: دەمانەوێت پەیوەندی بازرگانیمان لەگەڵ ئێراندا هەبێت و هاوکاریان بکەین.

سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی بە دەست بهێنێت. گوتیشی: ئەگەری زۆرە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام بەم نزیکانە نا.

لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ترەمپ، ئاشکرای کرد، ئەگەری ڕوودانی ململانێیەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ڕەنگە بەم نزیکانە شتێک ڕووبدات، بەڵام هیوادارم نەبێتە ڕاستی.

بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە بچێت و تاران پێشنیازێکی نوێ پێشکەشی واشنتن بکات.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment