هەولێر.. بەم نزیکانە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەری ئافرەتانی تووشبوی نەخۆشی دەروونی دەکرێتەوە

نەخۆشخانەی دەروونی ئافرەتان لە سلێمانی
نەخۆشخانەی دەروونی ئافرەتان لە سلێمانی

بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیک، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشانی دەروونی بۆ ئافرەتان لە شاری هەولێر بکرێتەوە، کە هەم شوێنی حەوانەوە و هەم چارەسەری لەخۆ دەگرێت.

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری کۆمەڵایەتیی و گەشەپێدانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێم داوامان کرد، پەلە بکرێت لە کردنەوەی نەخۆشخانەی دەروونی تایبەت بە ئافرەتان.

گوتیشی: باڵەخانەی نەخۆشخانەکە ئامادەکراوە و ستافی نەخۆشخانەش لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بڕیاری لەسەر دراوە و تەنیا جێگیرکردنی ئامێر و کەلوپەلە پێویستەکانی نەخۆشخانەکە ماوە، کە ئێستا دابین دەکرێن.

بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، لە سلێمانی هەمان نەخۆشخانە کراوەتەوە و لە دهۆکیش لە کاتێکی نزیکدا دەکرێتەوە، هەموو ئەو ئافرەتانەی پێویستیان بەچارەسەری دەروونی هەیە، لەو نەخۆشخانەیە چارە دەکرێن و دەمێنەوە.

هەروەها ڕایگەیاند، نەبوونی نەخۆشخانەیەکی وەها، گرفتێکی گەورە بوو، چونکە بەشێک لەو ئافرەتانەی نەخۆشی درێژخایەنی دەروونیان هەبوو، ڕەوانەی شێڵتەرەكان یان خانەی بەساڵاچووان دەكران، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەسەكان دروست دەکرد.

لە ساڵی 2022، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی داوای لە وەزارەتی تەندروستی کرد، بە هەماهەنگیی کار بۆ کردنەوەی سێ نەخۆشخانەی دەروونی تایبەت بە ئافرەتان لە ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment