فڕۆکە F-16ـەکانی عێراق چییان بەسەر هاتووە؟
فڕۆکەوانێک: عێراق ئێستا خۆی دەستی بە چاککردنەوەی فڕۆکەکان کردووە

K24 - هەولێر
نۆ ساڵ پێش ئێستا، بەغدا بای 4.3 ملیار دۆلار، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای لۆکهێد مارتن واژۆکرد بۆ زیادکردنی فڕۆکەی F-16 بۆ هێزی ئاسمانییەکەی. سێ ساڵ دواتر، یەکەم کاروانی فڕۆکەکانی گەیشتن و بەرچاوڕوونی ئەوە هەبوو: هێزە ئاسمانییەکە دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بووەستێت، بەڵام دوای خەرجکردنی ملیاران دۆلار و تێپەڕینی نزیکەی دەیەیەک، هەندێک فڕۆکەوانی عێراقی ترسیان لێ نیشتووە، دەڵێن: لەو پرۆژە گەورەیە، تەنیا کەمێکی لەسەر پێ ماوەتەوە.
ماڵپەڕی فۆکس نیوزی ئەمەریکی، راپۆرتێکی لەبارەی چارەنووسی فڕۆکە F-16ـەکانی عێراق بڵاوکردووەتەوە و دەپرسێت چی بەسەر ئەو پرۆژە گەورەیەی هێزی ئاسمانیی عێراق هات.
دوای ئەوەی لە 3-1-2020 ئەمەریکا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی لە بەغدا کردە ئامانج، دوو بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەئامانج کران، بەو هۆیەوە ئەمەریکا هەندێک بەڵێندەر و سەربازی لە چەند بنکەیەکی لە عێراق کشاندەوە، لەنێویشیان بنکەی تایبەت بە فڕۆکەی F-16 لە بنکەی بەلەد-ی باکووری بەغدا.
بەڵێندەرانی کۆمپانیای لۆکهێد مارتن، کە گەورەترین کۆمپانیای بواری دروستکردنی چەکە لە جیهان، لەنێوان 4 بۆ 8ـی 1-2020 لە بنکەکە کشانەوە، دوای ئەوەی بە بەردەوامی بە ناڕاستەوخۆ دەکرانە ئامانجی مووشەکەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، ئەوکاتەش پێنتاگۆن ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.
بەپێی گوتەی دوو فڕۆکەوانی هێزی ئاسمانیی عێراق، کە قسەیان بۆ فۆکس نیوز کردووە و، بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە، کە رێگەپێدراو نین قسە بۆ میدیاکان بکەن، چەند مانگێکە کێشەیەکی گەورە سەریهەڵداوە.
فڕۆکەوانەکان دەڵێن "کێشەکە ئەوەیە: لۆکهێد کارمەندەکانی خۆی کشاندەوە، بەڵام هەموو فڕۆکە F-16ـەکان، پێویستییان بە سەرپەرشتی و سێرڤیسە (چاککردنەوەی بەردەوام)ـە، بەهۆی کەمیی پارچەکانی فڕۆکەکە، وەزارەتی بەرگریی عێراق خۆی دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی ئەو پارچانە، سەرەڕای ئەوەی رێگەپێدراو نییە و گەرەنتیی فڕۆکەکانیش تێکدەدات. تەنانەت جارێک شتێکیان لەنێو بزووێنەری یەکێک لە فڕۆکەکان لەبیرچووە"!
فڕۆکەوانە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن، ئێستا زۆربەی فڕۆکە F-16ـەکانی عێراق لەسەر زەوی جێهێڵراون، چونکە فەرماندەکانی هێزە ئاسمانییەکان نازانن چی بکەن بۆ چاککردنەوەیان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت فڕۆکەوانە عێراقییەکان ناتوانن گەشتی مانگانەیان بکەن، بۆیە ئامادە نین بۆ شەڕ.
فڕۆکەوانێکی دیکە باسی لەوە کردووە "پارەیەکی زۆر بەهەدەردرا، فڕۆکەکان زۆر کەم خزمەتن، بەجۆرێک؛ لە 18 بۆ 20 فڕۆکەی ئامادەی شەڕ، کەمبوونەتەوە بۆ تەنیا حەوت فڕۆکە".
ئەو فڕۆکەوانانە ترسی ئەوەشیان هەیە؛ حەشدی شەعبی، هەرچەندە تاوەکو ئێستا دەستیان بە فڕۆکەکان نەگەیشتووە و سوودیان لێ نەبینیون، لەگەڵ کەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئەمەریکا لە عێراق، دەستیان پێیان بگات و ئەوکاتەش "کەمێک رێکار لەبەردەست بمێنێت بۆ رێگەلێگرتنیان".
بەپێی راپۆرتەکانی نەوتی عێراق، کە ماڵپەڕێکی تایبەت بە شیکردنەوەی هەواڵی: وزە، سیاسەت، ئەمنی عێراقە، بەشێکی ئەو رێککەوتنە ساڵانە 300 ملیۆن دۆلار لەسەر عێراق دەکەوێت، تایبەتە بە چاککردنەوەی فڕۆکە جەنگییە F-16ـەکان لەلایەن کۆمپانیای لۆکهێد.
بەرپرسێکی حکومەتی ئەمەریکا بە فۆکس نیوزی گوتووە لۆکهێد مارتین هێشتاش لەگەڵ هێزی ئاسمانیی عێراق کاردەکات و، پێنتاگۆن ئاگاداری ئەوە نییە عێراقییەکان خۆیان پارچەی فڕۆکەکە دروستبکەن".
لە راپۆرتەکەدا، گوتەبێژێکی هێزی ئاسمانیی عێراقی قسەی کردووە و دەڵێ "فەرماندەی باڵای هێزە ئاسمانییەکان تازە لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد گەڕاوەتەوە، جەختی کردووەتەوە لەوەی 19 فڕۆکەی F-16ـی لێ بووە و سەرجەمیان لە رەوشێکی باش بوون، ئێستاش پشت بە تەکنیککار و شارەزایی عێراقی دەبەستن، بەڵام هیواداریش بوو کارمەندانی لۆکهێد زۆر بە زوویی بگەڕێنەوە عێراق".
لەدوای رووخانی رژێمی سەددام، هێزی ئاسمانیی عێراق هیچی بەدەستەوە نەما، بۆیە حکومەتی عێراق لە ساڵی 2008 پلانی دانا 36 فڕۆکەی F-16 بکڕێت کە دەبوونە ناوازەترین فڕۆکە لە مێژووی هێزی ئاسمانیی عێراقیدا، بەڵام لەگەڵ دۆخی عێراق کە رۆژێک باش بوو و رۆژێک خراپ، داواکردنی کڕینی فڕۆکەکان گەیشتە ساڵی 2011، و جارێکی دیکەش گەیشتە ساڵی 2012، پاشان لە مانگی 6ـی 2014 فڕۆکەکان گەیشتن، تەنیا چەند رۆژێک پێش دەرکەوتنی داعش، کە لەناکاو موسڵیان داگیرکرد و عێراقیان خستە سەردەمێکی دیکەی شەڕەوە.