سوپای پاسداران هێرشی مووشەکی کردەوە سەر ئیسرائیل

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، زنجیرەیەک مووشەکی دیکەی بالیستی بەرەو ئیسرائیل هەڵدران و سوپای پاسدارانیش ڕایگەیاند، کەمێکی دیکە ڕاگەیەندراوێکی گرنگ بڵاو دەکەنەوە.

لە ماوەی کەمتر لە چوار کاتژمێر ئەمە دووەمین زنجیرە هێرشی مووشەکیی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل، سوپای پاسداران ئاماژەیداوە، بە تایبەت مووشەکان ئاراستەی چەند ناوەندێکی هەستیاری ڕژێمی ئیسرائیل کراون لە ناوەندی تەلئەڤیڤ.

هەروەها ئاماژەیداوە، لەم هێرشەدا نزیکەی 150 مووشەکیی بالیستی و سەروی دەنگن هەڵدراون.

هەر بە گوێرەی هەواڵی تەلەفزیۆنی ئێران، ئەو زنجیرە مووشەکەی کەمێک لەمەوبەر ئاراستەی ئیسرائیل کراون، لە بنکە مووشەکییەکانی تاران و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدراون.

هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، لەسەرتاسەری ئیسرائیل زەنگی ئاگەدارکردنەوە لێدەدرێت و داوا لە خەڵکی دەکەن خۆیان بگەیەننە حەشارگەکان.

کەناڵی12ی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لە ناوەندی تەلئەڤیڤ مووشەکێکی ئێران بەر باڵەخانەیەکی کەوتووە و دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێزیش لە چەند شوێنێکی جیاوازی ئیسرائیل هەستی بیستراوە.

بە گوێرەی دیمەنەکانی ئێستای تەلئەڤیڤ، بەشێک لە مووشەکە بالیستییەکانی ئێران سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل، کە بە گومەزی ئاسنی ناسراوە، بڕیوە و بەر چەند ناوچەیەکی شارەکە کەوتوون.

لەلایەکی دیکە کەناڵی SVTـی سوید بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی دەنگی بەهێزی تەقینەوە لە ناوەندی تەلئەڤیڤ بیستراوە، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ و بەشێک لە بەرپرسانی سوپای ئسیرائیل لە ژێر زەمینەکانەوە لە کۆبوونەوە دان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment