لە ماوەی سێ ڕۆژدا زیاتر لە 10 هەزار گەشتیار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە کوردستان

لە ماوەی سێ ڕۆژی ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و ئێران، ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق لە ئێران گەڕاونەتەوە.
سالار تەحسین، بەڕێوەبەری نیشینگەوپاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی هەینییەوە تا ئەمڕۆ، 10 هەزار گەشتیاری هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق کە بە مەبەستی گەشت و بەسەربردنی پشووەکانی جەژن چووبوونە ئێران، لە دەروازەی نێودەڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە.
سالار تەحسین، گوتیشی: لەڕۆژی هەینی یەکەم ڕۆژی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران 5200 گەشتیار و دوێنیش شەممە، 4400 گەشتیار گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش دا، گەڕانەوەی گەشتیاران لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە بەردەوامە.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تارانی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە کە تا ئەمڕۆ یەکشەممەش، 15-06-2025، بۆ ناو خاکەکەی بەردەوامن، بە هەڵدانی سەدان مووشەک وەڵامی ئیسرائیلی داوەتەوە. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی تەلئەڤیڤ باجێکی قورسی دەستدرێژییەکانیان دەدەن.
هەرچی ئەمەریکاشە، چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بە تاک لایەنە هێرشی کردووەتە سەر ئێران و بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان نەکردووە، بەڵام دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا شەڕی نێوان هەردوو وڵات بوەستێنن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکێیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی ڕایان گەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.