ترەمپ و ئەردۆغان داوا دەکەن ڕێگری لە گرژییەکانی ئیسرائیل و ئێران بکرێت

سەرۆک کۆماری تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجام دا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تاوتوێی دوایەمین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان کردەوە، بە تایبەتی گرژی و ئالۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەردۆغان پێشوازیی لە لێدوانی ئەم دواییەی ترەمپ کرد، دەربارەی کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هێنانەکایەی ئاشتی لە ناوچەکەدا. جەختیشی لەوەش کردەوە، پێویستە هەنگاوی خێرا بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر کارەساتێک کە ببێتە هۆی ئەوەی تەواوی ناوچەکە بخاتە ناو بڵێسەی ئاگرەوە.
ئەردۆغان گوتیشی، تاکە ڕێگە بۆ چارەکردنی کێشە ئەتۆمییەکان، گفتوگۆی دیپلۆماسییە و، تورکیا ئامادەیە هەموو هەوڵێک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بخاتەگەڕ.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو توندوتیژییانەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێ کردووە، زیانی زۆری ئابووری و گیانی بە هەردوولا گەیاندووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە ڕێگری لە پەرەسەندنی ئەم گرژی و مەترسییانەی هەردوولا بکرێت.