سوپای پاسداران: بە هێرشەکانمان ئامانجە گرنگەکانی ئیسرائیل لەناو دەبەین

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، ئێران سوێندی خوارد هێرشی مووشەکی "وێرانکەرتر" بکاتە سەر ئامانجە گرنگەکانی ئیسرائیل و جەختی لەوەش کردەوە بە سەرکەوتوویی چەند شارێکی دەوڵەتی جووی مووشەک باران کردووە.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکییان دەست پێکردووە کە بە وردی و سەرکەوتووانە ئامانجەکانیان پێکاوە". جەختیشی لەوە کردووەتەوە "هێرشەکانیان کاریگەر و ورد و وێرانکەرتر لە دژی ئامانجە گرنگەکان لە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت."

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون

 
Fly Erbil Advertisment