وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای کۆبوونەوە لە دەستەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وەزارەت داوای کۆبوونەوەی لە دەستەی ئاژانسی نێودەولەتی وزەی ئەتۆم کردووە.
لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕاشیگەیاند "وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لە دەستەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کردووە."
دەشڵێت: ئێمە تیشکمان لەسەر بەرگریی کردنە و داوا لە هەر لایەنێک دەکەین کە بتوانێت گرژیی و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بوەستێنێت. چونکە بە ئامانجگرتنی دامەزراوەی نەتەنز لە ئەسفەهان پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکانە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: ئەوەی دەگوزەرێت دەستدرێژییەکی سوپای ئیسرائیلە بۆ سەر خاکەکانمان و ئەم دەستدرێژییە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پاساوی بۆ هەبێت.
دەشڵێت: ناتوانین بیر لەوە نەکەینەوە کە دەستدرێژییەکەی ئیسرائیل بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن ڕووی نەدابێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.