خه‌ڵكی كوردستان یادی هه‌زاران بێسه‌روشوێنكراوی ده‌ستی رژێمه‌كانی عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌

كورد یەکێکە لەو نەتەوانەی ژمارەیەکی پێوانەیی لە بێسەروشوێنكراوان هەیە

K24 - ھەولێر:

ئەمڕۆ رۆژی جیھانی قوربانیانی بەزۆر بێسەروشوێنكراوه‌ لە جیهاندا. ئەم بۆنەیه‌ برینە ساڕێژنەبووه‌كانی خەڵكی کوردستان دەکولێنێتەوە. چونكە كورد یەکێکە لەو نەتەوانەی لە جیهاندا ژمارەی پێوانەیی هەیە لە قوربانیانی بەزۆر بێسەروشوێنكراو، هەمیشەش هەڕەشەی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی لەسەر بووە لە لایەن حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و هێرشکارانی دیکەی وەک داعش. جگە لە بێسەرشوێنبوونی هەزاران کورد لە شاڵاوەکانی ئەنفال لەسەر دەستی رژێمی بەعس و لە دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر هێرشەکانی داعش، تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 908  كورد بێسەروشوێنن.

بەدرێژایی مێژووی درووستبوونی عێراق، خەڵکی هه‌رێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی لەناوبردن و قڕکردن بوونەتەوە، هێشتا چارەنووسی بەشێکی زۆری ئەوانەی رووبەڕووی ئەو شاڵاوی قڕکردنانە بوونەتەوە هەر نادیارە. گەلی كوردستان هەمیشە هەڕەشەی لەناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەی لەسەر بووە لە لایەن حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و هێرشکارانی دیکەی وەک داعش، دەنگی ناڕەزایی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئەو هەموو قوربانی و هێرشانە زۆر نزم بووە و تائێستا پەرژینێکی قایمیان بۆ پاراستنی ئەو خەڵکە هەڵنەبەستووە.

لەسەردەمی رژێمی بەعسدا لەنێوان ساڵی 1983 تا 1988 رژێمی بەعس پرۆسەی ئەنفالی دژ بە کوردستانیان بەڕێوەبرد، لە ئەنفالکردنی بارزانییەکان زنجیرە تاوانەکانی ئەنفال دەستیپێکرد و لە ئەنفالی بادینان کۆتایی بەو زنجیرە تاوانکارییە هێنرا. بەو هۆیەوە 182 هەزار کەس لە باشووری کوردستان کۆمەڵکوژکران و چارەنووسیان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌، هەروەها 16هەزار و 420 کەسی دیکەش دەستگیرکراون و بێسەروشوێنکراون.

لە ساڵی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر شنگال، هاوشێوەی داگیرکاران و ستەمکارانی پێشووتر، 74ەمین فەرمانیان لە دژی کوردانی ئێزدی بەڕێوەبرد و خەڵکی ئەو ناوچەیەیان کۆمەڵکوژ کرد. شەش هەزار و 417  کەسیشیان رفاند. سێ هەزار و 548 کچ و ژنی کوردانی ئیزدیان بە کەنیزە رفاند و 2 هەزار و 869 ی پیاو و کوڕیشیان خستە ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هەندێکیشیان بێسەرشوێن کردن.

لە دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر هێرشەکانی داعش، تاوەکو ئێستا 2 هەزار و 908 کەس لەو رفێندراوانە بێسەروشوێنن، لەناویاندا هەزار و 323  کەسیان لە رەگەزی مێینەن و هەزار و 585  کەسیش لە رەگەزی نێر.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە نموونەی هەرە بەرزی پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان بووە، لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەک، لە شەڕی داعشیش بە رابەرایەتی و فەرماندەیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی رۆڵێکی کاریگەری لە تێکشکاندنی داعش و رزگارکردنی ناوچەکاندا هەبوو. لەئەنجامی شەڕوپێکدادانەکانیشدا، تا ئێستا 102 پێشمەرگە، لەلایەن داعش دەستگیرکراون و چارەنووسیان نادیارە. لەناویشیاندا 26یان خەڵکی دهۆکن، 20یان خەڵکی کەرکووکن، 18یان خەڵکی هەولێر، 14یان خەڵکی سلێمانی و 7یان خەڵکی مەخموور و جەلەولا و کەلار و 10شیان خەڵکی سنووری دەشتی نەینەوان.

Fly Erbil Advertisment