ڕافایل گرۆسی: هیچ زیانێکی ئەوتۆ بە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران نەگەیشتووە

وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز
وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز

ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕایگەیاند، لە دوای هێرشەکەی ڕۆژی هەینی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هیچ زیانێکی دیکە بە وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز  نەکەوتووە.

دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکاندا چوار دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئیسفەهان زیانیان بەرکەوتووە کە بریتین لە "تاقیگەی ناوەندی کیمیایی، دامەزراوەیەکی گۆڕینی یۆرانیۆم، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و دامەزراوەیەکی گۆڕینی ماددەی UF4 بۆ یۆرانیۆم.

ڕوونیشی کردەوە، هیچ زیانێک وێستگەی ئەتۆمی فۆردۆ نەکەوتووە، هەروەها هیچ زیانێکیش بە وێستگەکانی خونداب نەکەوتووە و بەردەوامە لە کارکردن.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 15-06-2025، 244 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار و 480ـی دیکەشیان بریندار بوون. 

ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانە، ڕۆژانە بە هەڵدانی دەیان مووشەک بۆ نێو تەلئەڤیڤی پایتەخت و پارێزگاکانی دیکە، وەڵامی ئیسرائیلی دەداتەوە. بە گوێرەی نووسینگەی بنیامنین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، 24 کەس کوژراون و زیاتر لە 500ـی دیکەشیان بریندار بوون. 

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment