وەزارەتی گواستنەوە: 300 گەشتی ئاسمانی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشێندراونەتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقە.

دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئیران، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 300 گەشتی ئاسمانی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی هەڵوەشێندراونەتەوە.

دیلان ڕەشاد، گوتیشی: ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە دەسەڵاتی فرۆکەوانی ئاسمانی مەدەنی عێراقیدایە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەستاون، ڕۆژانە بە لایەنی کەم لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی 70ـی گەشتی ئاسمانی دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2025، ئەحمەد هوشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دیار نییە. دەڵێت: ڕۆژانە عێراق بەهۆی وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکانی، 270 هەزار دۆلار زیان دەکات.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕایگەیاند: تاکو مەترسی لەسەر ئاسمانی عێراق هەبێت، گەشتە ئاسمانییەکان دەست پێ ناکەنەوە.

 

 
 

Fly Erbil Advertisment