گوندی کۆچۆ... 517 گۆڕی هەڵکەنراو لە چاوەڕوانیی رووفاتی قوربانییان

بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، رووفاتەکان لە بەغداوە نەنێردراونەتەوە


K24 - گوندی کۆچۆ

زیاتر لە شەش مانگ تێپەڕیوە بەسەر ئامادەکردنی گۆڕستانێکی تایبەت بۆ ناشتنی قوربانییانی دەستی داعش، ئەو قوربانییانەی لە گوندی کۆچۆ گوللـەباران کران، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تائێستا رووفاتەکان لە بەغدا ماون و نەنێژراون.

نایف جاسۆ، موختاری گوندی کۆچۆ دەڵێ "ئێمە گۆڕستانەکەمان ئامادەکردووە بۆ شەهیدەکانمان، ئەوانەی بوونە شەهیدی نیشتمان و بەتایبەتیش شەهیدی ئایینەکەمان. بێگومان خەڵکانێک هیواخوازن مردووەکانی خۆیان بهێننەوە و بیانشارنەوە، دواتر ئاسوودە دەبن، هەرچەندە لەڕووی یاسایی، ماف و حکومەتەوە کێشە نییە، بەڵام کەسوکاری مردووەکان ئاسوودە دەبن کە بەشێکی جەستەی کەسوکاریان بشارنەوە و، ناونیشانی گۆڕەکانیان دیاربێت تاوەکو سەردانی بکەن".

هەرکەسێک سەردانی گۆڕستانەکە بکات، هەناسەیەکی سارد و هەزار ئاخ بۆ قوربانییەکان هەڵدەکێشێت. ئەلیاس یەکێکە لە کەسوکاری قوربانییانی گوندی کۆچۆ، لە سەر و سیمایدا خەمێکی قوڵ بەدیدەکرێت، لە چاوەڕوانیی شاردنەوەی رووفاتی کەسوکارییەتی تاوەکو کەمێک ئارام بێت.

ئەلیاس ساڵح، کەسوکاری قوربانییانی گوندی کۆچۆ دەڵێ "517 گۆڕمان ئامادەکردووە، کە ئێستا ئێسکوپرووسکیان لە پزیشکی دادیی بەغدایە... کارەساتەکە ئەوەندە گەورەبوو تاوەکو دونیا مابێت، لەبیرناکرێت. خۆزگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەت ئەو خێرەیان کردبووایە و تەرمەکانیان گەڕاندبایەوە".

لە 15ـی ئابی 2014 دوای ئەوەی خەڵکی گوندی کۆچۆ رەتیانکردەوە لەسەر داواکاریی چەکدارانی داعش ئایینی خۆیان بگۆڕن، داعش ژن و کچەکانی رفاندن و پیاو و کوڕانی گوندەکەشیان لە 14 گۆڕ کۆمەڵکوژ کرد.

دوای رزگارکردنی دەڤەرەکە لەدەستی داعش، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە بەفەرمی هەڵدرانەوە و رووفاتەکان بۆ بەغدا نێردران، زیاتر لە 100 رووفات تائێستا ناسراونەتەوە و کەسوکاریان چاوەڕوانن دوای ئاساییبوونەوەی رەوشەکە و نەمانی کۆرۆنا، لە رێوڕسمێکدا تەرمەکان لە گۆڕستانەکەدا بنێژن.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment