واشنتن: هێزەکانمان بۆ بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان

ئەلێکس فایفەر، جێگری یاردەدەری سەرۆکی ئەمەریکا ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمەریکا هێرش  دەکاتە سەر ئێران و ڕایگەیاند، ئەمەریکا پابەندە بە هەڵوێستی بەرگریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەلێکس فایفەر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی ئێکس ڕایگەیاند "هێزەکانی ئەمەریکا دۆخی بەرگریی خۆیان دەپارێزن و ئەوەش نەگۆڕاوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکەین.

پێشتر پێت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی: بڕیاری داوە، هێزی زیاتری وڵاتەکەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، کاری لەپێشینەی وڵاتەکەیەتی، بە جێگیرکردنی هێزی زیاتر توانای بەرگریی هێزەکانی لە ناوچەکە زیاتر دەبێت و هاوکات توانای هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە بەشێوەیەکی کارا ڕێک دەخەنەوە. 

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و ئێران زیاتر بووە.

هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز زانیاریی نوێی لەسەر جوڵەی هێزەکانی ئەمەریکا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ئەمەریکا،  ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی سەربازی تانکەری سووتەمەنی و چەند کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری بۆ ناوچەکە بەڕێ کردووە.

هەر لەم بارەوە کەناڵی تەلەفزیۆنی هەواڵی ئەی بی سی، لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکایی بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات، بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەر هەیە هێزی زیاتری دەریایی بە پشتیوانیی کەشتیی مووشەکهاوێژ ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.

 

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment