باڵیۆزی ئیسرائیل: تەنیا ئەمەریکا دەتوانێت پێگەی ئەتۆمیی فۆردۆ وێران بکات

یەحینیل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە خاوەنی جۆرە بۆمبێکە بتوانێت دامەزراوە ئەتۆمییەکەی فۆردۆی ئێران وێران بکات.

دەشڵێت: ئەم دامەزراوەیە دەکەوێتە قووڵایی شاخەکانی نزیک شاری قوم لە باکووری ئێران و سانتریفیوجی پێشکەوتووی تێدایە کە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستێکی بەرز. قووڵایی وردی دامەزراوەکە نادیارە، بەڵام بە گوێرەی هەندێک خەمڵاندن، لە نێوان 80 بۆ 90 مەتری ژێر زەویدایە.

لایتەر، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی مێریت تیڤی ئاماژەی بەوەش کردووە "تاکە وڵاتێک کە ئەو جۆرە بۆمبەی بۆ لەناوبردنی پێگەی ئەتۆمی فۆردۆ هەیە، ئەمەریکایە و ئەمەش بڕیارێکە واشنتن دەبێت بیدات، جا ئەم ڕێگایە هەڵبژێرێت یان نا؟"

جەختی لەوەش کردەوە، ئەوە تاکە بژاردە نییە لەبەردەستدایە، دەشڵێت: "ڕێگای دیکە هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فۆردۆ" بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو. 

لەیتەر، ئاماژەی بە ئەگەری هێرشی سەربازیی نزیک لە دژی ئێران کرد و گوتی: کاتێک تۆز و خۆڵ دەنیشێتەوە، شەوی پێنجشەممە و هەینی سوپرایز دەبێت کە وا دەکات هێرشی پەیجەر وەک هێرشێکی بچووک دەرکەوێت." ئاماژەی بە هێرشەکەی ئیسرائیل کرد لە لوبنان لە مانگی ئەیلولدا کە پەیجەر و واکی تۆکی کردبووە ئامانج لەلایەن ئەندامانی حزبوڵلا بەکاردەهێنران. تەقەمەنی لەناو ئامێرەکاندا چێنرا  و لە ئەنجامی تەقاندنەوەیاندا لانیکەم 37 کەس گیانیان سپارد و نزیکەی 3 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment