سوپای پاسداران: هێرشەکانمان بە وردی بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن
گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی 3 هەڕەشەی بەردەوامی هێرشی مووشەکی و درۆنەکان بۆ سەر ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: لە هێرشەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو ناوەندە سەربازیانەی ئیسرائیلیان پێکاوە کە لێیانەوە هێرش دەکرایە سەر ئێران.
سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، ئیمان تاجیک، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی 3، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە دا، لە وەڵامی دەسدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپای پاسداران بە پلانێکی تۆکمە، لە چوارچێوەی شەپۆلی دەیەمی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل بە وردی و بە هێزەوە توانری ئەو بنکە و مۆڵگانە بپێکێت، کە لێیانەوە هێرش دەکرایە سەر ئێران.
ڕاشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە چەند لایەنێک و قۆناغ بە قۆناغ بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.
