هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد

کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەڕێکی دیکەی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کردەوە و، چەندین مووشەکی  بە ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل هەڵدا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە، وڵاتەکە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆیی 3"، گەڕێکی دیکەی هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کردەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، ئێران 20 مووشەکی بە ئاراستەی شار و ناوچەکانی ئیسرائیل هەڵداوە. دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش دەڵێت: ئێستا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە وڵاتەکە لێ دەدرێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت بچنە نێو پەناگەکانیان و خۆیان حەشار بدەن، بۆ مەبەستی سەلامەتی گیانیان.

دەستەی پەخشەکە ئاماژەی بەوە دا، نزیکەی 20 مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدران. کەناڵی حەدەسیش دەڵێت: دوو مووشەک لە ناوەڕاستی ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە.

هەر لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانەوە، کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، بڵاوی کردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە تەلئەڤیڤ بیستراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە درەنگانی شەوی ڕابردوو،  ئیمان تاجیک، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی 3، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە دابوو، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە چەند لایەنێک و قۆناغ بە قۆناغ بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.

هەروەها عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالار و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران،  پەیامێکی ڤیدیۆییدا، گوتبووی: ئۆپەراسیۆنی سزادان بەم زووانە جێبەجێ دەکرێت و هۆشداریی دەدەینە دانیشتووانی خاکی داگیرکراوی فەڵەستین، بە تایبەت ئەوانەی له‌ تەلئەڤیڤ و حەیفا نیشتەجێ کراون، هەر چی زووە بۆ پاراستنی گیانیان ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن و بەجێی بهێڵن.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment