کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی: شەپۆلێکی دیکەی مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کرا

کەناڵی 14ـی ئسیرائیلی بڵاوی کردەوە، ئێران شەپۆلێکی دیکەی مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی، بڵاوی کردەوە، ئێران دەستی بە هەڵدانی شەپۆلێکی نوێی مووشەک کرد و نزیکەی 10 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
کەناڵەکە باسی لەوە کرد، دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە تەلئەبیب بیستراون و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باکوور، ناوەڕاست و باشووری ئیسرائیل لێ دراون.
لەلایەکی دیکەوە، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند: تەنیا لەم بەرەبەیانەدا لە ماوەی 20 خولەکدا، 30 مووشەک لە ئێرانەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدراون.
لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ئاشکرای کرد، هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئێران، یەکێک دەبێت لە تووندترین و بەهێزترین هێرش بەرارود بە هێرشەکانی ڕابردوو.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.