ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات

چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی پێداچوونەوەیان بە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکاندا کردووە، ئێران مووشەک و کەرەستەی سەربازیی دیکەی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش لە کاتێکدا ئەگەر ئەمەریکا بەشداری شەڕی ئیسرائیل بکات دژی ئەو وڵاتە.

ئەمەریکا خۆی بۆ هەر ئەگەرێکی شەڕ ئامادە کردووە و نزیکەی 30 فڕۆکەی پڕکردنەوەی سووتەمەنی ڕەوانەی ئەورووپا کردووە، بۆ پاراستنی بنکەکانی ئەمەریکا، ئەمەش لە هەر هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ترسی شەڕێکی فراوانتر لەنێو بەرپرسانی ئەمەریکادا پەرەی سەندووە، ئەمەش بەهۆی ئەو فشارەی ئیسرائیلەوەیە کە بەردەوام دەیخاتە سەر کۆشکی سپی بۆ دەستوەردان لە ململانێکانی لەگەڵ ئێراندا.

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان کردووە، ئەگەر ئەمەریکا پەیوەندیی بە هێرشی ئیسرائیلەوە بکات و هێرش بکاتە سەر فۆردو کە دامەزراوەیەکی سەرەکیی ئەتۆمی ئێرانە، ئەوا میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ئێران بە دەست بە بۆمبارانکردنی کەشتییەکانی دەریای سوور دەکەنەوە. ئاماژەیان بەوەش کرد، پێدەچێت میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق و سووریا هەوڵی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لەوێ بدەن.

 ڕاشیانگەیاند "لە ئەگەری هێرشێکدا، ڕەنگە ئێران بە چاندنی مین لە گەرووی هورمز دەستپێبکات، ئەمەش ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە کەنداوی فارس."

هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکە سەربازییەکانی سەرانسەری ناوچەکە لە حاڵەتی ئامادەباشی دانراون. ئەمەریکا زیاتر لە 40 هەزار سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوە پێکردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دوو بەرپرسی ئێرانی دانیان بەوەدا ناوە کە ئێران هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەتا لە بنکەکانی عێراقەوە دەست پێدەکات، ئەگەر ئەمەریکا بەشداری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بکات.

ئەو بەرپرسانە باسیان لەوەش کرد، ئێران هەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە هەر وڵاتێکی عەرەبیشدا بەشداری هێرشەکە بکات، هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتەش.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەگەری پەیوەست بوونی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ شەڕەکە زیاتر بووە لە کاتێکدا ئیسرائیل درێژە بە هەڵمەتەکانی دەدات و ئێرانیش بە هەڵدانی شەپۆلی مووشەک بەرەو ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە.

تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە هێرشکردنە سەر فۆردۆ چەندە زیان بە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاندووە یان ئێران تا چەند پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دوادەخات. کۆگای ئێستای ئێران لە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە تونێلەکاندا لە شوێنی جیاجیا لە سەرانسەری وڵاتدا شاراوەتەوە.

ئەو بەرپرسانەی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە "ئیسرائیل پێویستی بە هاوکاریی ئەمەریکا دەبێت بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگەیەنێت. هەروەها بەرپرسان دەڵێن ئەگەری زۆرە دەرئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بۆمب هاوێژە دزێوەکانی B-2ی ئەمەریکا بە چەکی Massive Ordnance Penetrator (MOP) تەیارکراون، لەڕووی تیۆریەوە توانای چوونە ژوورەوەی هەیە بۆ ئەو چیایەی کە دامەزراوەی ژێرزەمینیی فۆردۆی تێدایە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا چەندان جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. دوێنێ سێشەممە خوازیاری خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێران بوو.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment