شەش بەڕێوەبەری گشتی لە دھۆك دەگۆڕدرێن
ئەنجومەنی پارێزگای دھۆك دەنگ لەسەر گۆڕانكارییەكان دەدات
K24 – دھۆك
ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای دھۆك دەنگ لەسەر گۆڕانكاری لە شەش پۆستی بەڕێوەبری گشتی دەدات.
ئەو شەش پۆستە كە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگا بە بەشێك لە پڕۆژەی چاكسازی ناوی دەبەن.
ھوشیار فەریق، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆك بە كوردستان24ی گوت: "پێشتر پارتی بڕیاریدابوو كە گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكان بكات و پێنج بەڕێوەبەری گشتی لە دھۆك گۆڕدران، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئەوانەی دیكە دواكەوت، بۆیە ئێستا شەش بەڕێوەبەری دیكەی گشتی لە سنووری پارێزگای دھۆك دەگۆڕدرێن و لە ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر گۆرانكارییەكان دەدرێت".
گوتیشی: "پارتی ئەو گۆڕانكاریانە وەك چاكسازیی ئیداری ئەنجام دەدات، ھەر بەڕێوەبەرێك چوارساڵ لە پۆستێك بووبێت دەگۆڕدرێت، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری خەڵك بكرێت".