ئێران هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کرد

کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆیی 3" شەپۆلێکی دیکەی مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هاویشت.

چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بۆ جارێکی دیکە نزیکەی 8 مووشەک، لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژران.

لە سەرتاسەری ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ درا، سوپای وڵاتەکە داوا لە دانیشتووان دەکات بچنە نێو پەناگەکانیان بۆ مەبەستی سەلامەتی گیانیان.

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، دەڵێت: سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ئامادەباشیدایە بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکانی ئێران.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment