ئەوانەی کێشەیان هەیە، لە بەڕێوەبەرایەتییەکان فۆرمی پسوولەی خۆراک پڕ دەکەنەوە

بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 900 هەزار کەس فۆرمی پسوولەی خۆراکیان بە ئەپڵیکەیشنی تایبەت پڕ کردووەتەوە.

سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پڕکردنەوەی فۆرمی پسوولەی خۆراک بە ئەپڵیکەیشن بەردەوامە، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 900 هەزار کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر فۆرمەکەیان پڕ کردووەتەوە.

دەربارەی کەسانی نابیانا و خاوەن پێداویستیی تایبەت، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، لە بەڕێوەبەرایەتییەکان فۆرمی تایبەت بۆ کەسانە دانراوە، کە دوای دروستکردنی کارتی نیشتیمانی چاوەکانیان لەدەست داوە، یان لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکە ناخوێنرێتەوە، ژمارەیەکی دیکەش، ڕووخساریان سووتاوە، بۆ ئەوانیش فۆرمی تایبەت هەیە، هەروەها نەخۆشانی ئۆتیزم و بەخشراوەکانیش بەهەمان شێوە فۆرمی تایبەت هەیە.

سیامەند قادر، باسی لەوە کرد، ئەو کەسانەی کێشەی خێزانییان هەیە، بەدیاریکراوی ئەو ژن و پیاوانەی لەیەکتری جیابوونەتەوە، ناتوانن ئەم فۆرمە پڕبکەنەوە، هەر بۆیە پێویستە ئەوانیش سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمە بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی تایبەت.

پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ئەپڵیکەیشنی خۆراک لە هەولێر بەفەرمی کارا کرا و لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاریی ئارد و خۆراک هەن، کۆی گشتی پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن.

 لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 297. بریکاریی ئارد و خۆراک هەن.

پێشتر لە 8ـی ئایاری 2025، پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک  لە هەڵەبجە وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی کارا کرا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment