سیستانی هۆشداریی لەدەستدەرچوونی دۆخی ناوچەکە دەدات

پەیامێک لە نووسینگەی عەلی سیستانی لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی عەلی سیستانی، لە پەیامێکدا، دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران و هەڕەشەکانی بۆ بە ئامانجگرتنی سەرکردە ئاینیی و سیاسییەکانی ئێران سەرکۆنەکرد.
لە پەیامەکەی نووسینگەی عەلی سیستانی، هۆشداری دەدات لەوەی، کە هەنگاوێکی تاوانکاری لەو شێوەیە، جگە لە پێشێلکردنی ئاشکرای ئایینی و ئەخلاقییەکان، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، پێشبینی دەرئەنجامە ترسناکەکان دەکات بۆ هەموو ناوچەکە، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی شەڕێکی تەواو لەدەستدەرچوو و ئاژاوەیەکی بەرفراوان کە ئازارەکانی گەلەکەی زیاتر بکات و زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەمووان بگەیەنێت.
لە پەیامەکەدا هاتووە "داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ئیسلامی دەکەین، ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە بخەنەگەڕ و چارەیەکی دادپەروەرانە و ئاشتییانە بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بدۆزنەوە."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.