وەزارەتی كارەبا: له‌ مانگی داهاتوو كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با زیاد ده‌كرێت

وێستگەیەکی دیکەی کارەبا لە هەولێر نۆژەندەکرێتەوە

K24 - ھەولێر:

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وێستگەیەكی گەورەی لە گەڕەكی ئازادی، لە ھەولێر نۆژەنكردەوە و لە ھەفتەی داھاتوو زیاتر لە 7 گەڕەكی ھەولێر، كە راستەوخۆ سەر بەو وێستگەیەن كارەبایان زیاد دەبێت. ئەو وێستگەیەی كارەبا 34 ساڵ كاریكردووە و یەكێكە لە كۆنترین ویستگەكانی دابەشكردنی كارەبا لە ھەولێر، دوای لە كاركەوتنی چەند گەڕەكێكی ھەولێر تووشی كێشەی كەمی كارەبا بوونەوە، بەڵام جارێكی دیكە نوژەنكرایەوە و بە چاكردنەوەی ئەو وێستگەیە تەواوی كێشەی ئەو گەڕەكانە چارەسەر دەبێت.

فارس میرخان، بەڕێوبەری گواستنەوەی كارەبای ھەولێر گوتی: لە ھەفتەی داھاتوو كێشەی كارەبای ئەو گەڕەكانە بە گشتی چارەسەر دەبێت.

لە سنووری پارێزگای ھەولێر 4  وێستگەی سەرەكی بەرھەمھێنانی كارەبا ھەیە.

حوسێن حەمە قادر، بەڕێوبەری گشتی كارەبای ھەولێر گوتی: لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی كارەبا لە ھەوڵی بەردەوام دایە بۆ زیاتركردنی كارەبا، بەڵام ھەر خۆی لەگەڵ گۆڕانی وەرزەكان بەرھەمھێنانی كارەبا لە مانگەكانی داھاتوو زیاتر دەبێت و كاتژمێری پێدانی كارەباش بە ھاووڵاتیان زیاتر دەبێت.

جیا لە وێستگەكانی بەرھەمھێنانی كارەبا لە سنووری پارێزگای ھەولێر 92  ویستگەی دابەشكردن و گواستنەوەی كارەبا ھەیە و لە ئەگەری تێكچوون، یان لە كاركەوتنی یەك لەو وێستگانە رێژەی كارەبای گەڕەكەكان كەم دەبێتەوە و وەزارەتی كارەباش ھەوڵی نۆژەنكردنەوەی ئەو وێستگانە دەدات بۆ ئەوەی كێشەی كەمی كارەبا چارەسەر بكات و دووچاری گرفت نەبن.