فڕۆكە F16هكانی عێراق له مهترسیدان
كۆمپانیا تهكنیكییهكان له عێراق كشاونهتهوه
K24 - ھەولێر:
دوای رادەستکردنەوەی چەند بنکەیەکی سەربازی بە وەزارەتی بەرگری عێراق و ئامادەکارییەکانی ئەمهریکا بۆ کشاندنەوەی نزیکەی 2 ھەزار سەربازی خۆی، گەورەترین مەترسی لەسەر فڕۆکە ئێف 16ەکانی عێراق دروستبووە.
راپۆرتێکی ئەمهریکی ھۆشداری دا لەوەی عێراق تەواوی فڕۆکە ئێف 16ەکانی لەدەستبدات. ھۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی تیمی تەکنیکی شارەزا، بەھۆی کشانەوەی کۆمپانیا تەکنیکییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە و ھەبوونی گەندەڵییەکی زۆر و بەھەدەردانی پارە لە فڕۆکەخانەی بەلەد، کە فڕۆکە ئێف 16ەکانی عێراقی لەخۆگرتووە.
لهو بارهیهوه، شەھاب جاھید فەرماندەی ھێزی ئاسمانی عێراق گوتی: "راھێنانمان لەسەر فڕۆکە ئێف 16ەکان کردووە. سوپاس بۆ خوا ئێستا فڕۆکەوانەکانمان عێراقین واتە سەد لەسەد پرۆسەکە عێراقیە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوای ئەوەی کۆمپانیا لۆجستییەکان بڕیاریاندا عێراق بەجێبھێڵن، ئێمە تیمی تەکنیکی خۆمان ئامادە کردووە."
بەھۆی ترس لە سەرھەڵدانی کێشەی تەکنیکی، ژمارەی فڕینەکانی رۆژانە لە 16 فڕینهوه بۆ 2 فڕین کەمبووەتەوە. ھەروەھا ژمارەی ئەو فڕۆکانەی بەکاریان دەھێنان لە 20 فڕۆکەوە کەمبوونەتەوە بۆ 7 فڕۆکە.
ئەمە جیا لەوەی مەترسی ھەیە لەوەی دوای دەرچوونی ئەمهریکا لە عێراق؛ کەسانی نزیک لە ئێران دەست بەسەر ئەم فڕۆکانەشدا بگرن.
لەرێگەی گرێبەستێکی 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمهریکا 36 فڕۆکەی ئێف 16ی بە عێراق فرۆشتووە، ئێستا بەھۆی گەندەڵی و ناشارەزاییەوە مەترسی لەدەستدانیان لەسەرە.