قاسم ئه‌عره‌جی: عێراق نیگه‌رانییه‌كی قووڵی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکدەرەکان هه‌یه

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق نیگه‌رانی وڵاته‌كه‌ی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکدەرەکان لە ناوچەکە دەرده‌بڕێت؛ ده‌شڵێت، شه‌ڕی ئیسرائیل و ئێران ده‌بێته مایه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ژینگه و ته‌ندروستیی جیهانیش.
پێنجشه‌ممه، 19ـی حوزه‌یرانی 2025، قاسم ئه‌عره‌جی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاند، عێراق نیگه‌رانییه‌كی قووڵی هه‌یه لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکدەرەکان له ئه‌نجامی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ناوچەکە.
قاسم ئه‌عره‌جی هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، به‌رده‌وامی شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران كه دامه‌زراوه ئه‌تۆمی و سه‌ربازییه‌كان به ئامانج ده‌گرێت، كاره‌ساتی گه‌وره‌ی تەندروستی و ژینگەیی لەسەر ئاستی جیهان دروست ده‌کات. هاوكات هۆشداریشی دا ئه‌م شه‌ڕه به‌رده‌وام بێت، ناوچه‌كه ڕاده‌كێشێته ناو کارەساتێکی پێشبینینەکراو.
شه‌ممه، 14ـی حوزه‌یرانی 2025، ده‌سته‌ی نیشتمانیی بۆ چاودێریی ئه‌تۆمی، تیشک، کیمیایی و بایۆلۆجیی عێراقی، دوابه‌دوای هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به په‌له و نائاسایی كرد و تێیدا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ لێكه‌وته‌كانی ئه‌و هێرشانه كرا.
هه‌روه‌ها له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەڵسەنگان بۆ ئاستی ئەمنی و تەکنیکی لێكه‌وته و کاردانەوەی ئەو پێشهات و ڕووداوانە كراوه و جه‌خت له‌سه‌ر هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك كراوه‌ته‌وه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر پێشهات و ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو.
هه‌ینی، 13ـی حوزه‌یرانی 2025، ئه‌حمه‌د خزه‌یر كازم، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی نیشتمانیی بۆ چاودێریی ئه‌تۆمی، تیشک، کیمیایی و بایۆلۆجیی عێراقی، جه‌ختی كرده‌وه، ده‌سته‌كه‌یان له نزیكه‌وه چاودێریی پێشهاته‌كان و هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر پێگه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران ده‌كات.
ئه‌حمه‌د خزه‌یر كازم، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند، زانیارییه‌كان پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه تا ئێستا بڵاوبوونه‌وه‌ی تیشكی ئه‌تۆمی به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیله‌وه تۆمار و ده‌ستنیشان نه‌كراوه.
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی نیشتمانیی بۆ چاودێریی ئه‌تۆمی، تیشک، کیمیایی و بایۆلۆجیی عێراقی گوتبووی، ئامێر و سیستمه‌كانی تۆماركردن و ده‌ستنیشانكردنی تیشك، له هه‌موو عێراق كاران و له ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی تیشكی ئه‌تۆمی، هه‌نگاو و ڕێكاری زانستی و پێویست ده‌گرنه‌به‌ر.