حزبوڵلای عێراقی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز لە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆسەر ئێران دەکات

حزبوڵلای عێراقی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات لە ئەگەری هێرشی ئەمەریکا بۆسەر ئێران.
ئەبو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراقی، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە ئەگەری تێوەگلانی ئەمەریکا لە شەڕی دژی ئێران، هەردوو گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەب دادەخەن.
بەگوێرەی گوتەی گوتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراقی، ئەگەر ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، گرووپەکان باب ئەلمەندەب لە یەمەن و هورمز لەکەنداو دادەخەن، بەوەش ناوەستن بەڵکو بنکەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە دەکەنە شوێنی ڕاوکردنی مراوی.
پێشتر سەرۆکی ئەمەریکا پلانی سەربازیی بۆ لێدانی شوێنەکانی ئێران پەسەند کرد، کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە، ترەمپ وادەی دوو هەفتەی داوە بە ئێران بۆ ئەوەی ڕێگە بە دیپلۆماسی بدات.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. و تا ئێستاش هێرشەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە.