گۆتێرێز: پێویستە بە دیپلۆماسییەکی کاریگەر پرسی ئەتۆمیی ئێران چارە بکرێت

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەتای داگیرسانی ئاگرێکە کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، هەروەها هانی ئیسرائیل و ئێران دەدەم بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و کێشەکانیان چارە بکەن.
هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بەڕێوە چوو.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک، ئاماژەی بەوە دا، دەرئەنجامەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێشبینی نەکراون و زۆر بە خێرایی پەرەدەسێنێت.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: لە جەنگەکەدا چەندین کەسی مەدەنی لە هەردوو وڵات کوژراون، هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکان بە ئامانج گیراون، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە.
باسی لەوە کرد، پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەتای داگیرسانی ئاگرێکە کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، هاوکات داوای لە ئیسرائیل و ئێران کرد جەنگ ڕابگرن.
گۆتێرێز، دەڵێت: ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردی بناغەیە بۆ بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، ئێرانیش دەبێت ڕێزی لێ بگرێت، هەر چەندە ئێران چەندین جار ئاماژەی بەوە داوە، کە بە دوای بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە.
ناوبراو گوتیشی: ئێستا کێشەی متمانە لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا هەیە، پێویستە بە دیپلۆماسییەکی کاریگەر کێشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل چارە بکرێت.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەشی خستەڕوو، هانی ئیسرائیل و ئێران دەدەم بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بە دانوستان کێشەکانی نێوانیان چارە بکەن.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.