ئەردۆغان: ناوچەکە بەرگەی جه‌نگی نوێ ناگرێت

سەرۆک کۆماری تورکیا بە وەزیری دەرەوەی ئێرانی ڕاگەیاند: دانوستان تاکە ڕێگەچارەی کێشەکانە و تورکیاش بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان ئامادەیە بۆ نێوەندگیری.

شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە پەراوێزی 51ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە ئیستانبوڵ، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ بووەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئامادەی بوون.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەکەدا باس لە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هەروەها پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کرا.

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەڵوێستی جیددی لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گرتووەتەبەر، وەک چۆن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان و سوریا هەڵوێستی هەبووە.

ئاماژەی بەوە دا، بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسییەت و دانوستان دەستپێشخەری و پەیوەندی هەمەلایەنەی کردووە. ئەردۆغان دەشڵێت: ناوچەکە بەرگەی جه‌نگی نوێ ناگرێت.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە دەستبەجێ ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت و ڕێگەی چارەکردنی کێشەی ئەتۆمیی تەنیا دانوستانە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە داوە، تورکیا ئامادەیە ئەوەی پێویست بێت بۆ وەستانی جەنگەکە بیکات. گوتیشی: پێویستە هەنگاوەکانی کرانەوەی دیپلۆماسی بە زووترین کات لە ڕێگەی دانوستانی تەکنیکی و ئاستی باڵای نێوان ئێران و ئەمەریکاوە بنرێت و تورکیاش ئامادەیە وەک نێوەندگیر پاڵپشتی ئەم پرسە بکات.

تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە چووە، لە کاتێکدا بڕیاڕ بوو ڕۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕی شەشەمی دانوستان لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکە بەشداریکردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەکە هەڵپەسارد.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment